جیهان
گەڕەکێکی شاری لیتڵ رۆک لە ویلایەتی ئارکنساسی ئەمریکا کە بەهۆی گەردەلوولەوە وێران بووە، وێنە: Benjamin Krain / GETTY IMAGES NORTH AMERICA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
لانیکەم 21 کەس بەهۆی باهۆز و گەردەلوولەوە لە ویلایەتەکانی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکا گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی ئاژانسی بەڕێوەبردنی باری لەناکاوی ویلایەتی تێنیسی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2ـی نیسانی 2023) کە ویلایەتەکەی بەر شەپۆلێکی تووندی باهۆز کەوتووە، گیانلەدەستدانی حەوت کەسی بەهۆی باهۆزەوە پشتڕاستکردەوە.
هاوکات، لە رۆژی هەیینییەوە، 14 کەسی دیکە لە ویلایەتەکانی ئارکانساس، میسیسیپی، ئالاباما، ئیندیانا و ئیلینۆی بەهۆی باهۆز و گەردەلوولەوە گیانیان لەدەستداوە.
سارا هەکابی ساندەرس، حاکمی ویلایەتی ئارکانساس بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەواوە باری لەناکاوی راگەیاندووە و گوتی، قسەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی هاوکاریی فیدراڵی بە ویلایەتەکە بگەیێندرێت.
هاوکات، ئاژانسی کەشوهەوای نیشتمانی هۆشداریی گەردەلوولی لە ژمارەیەک ویلایەت داوە؛ لە ویلایەتی ئایۆوا لە باکوورەوە تاوەکو ویلایەتی میسیسیپی لە باشووری ئەمریکا.
چەند دیمەنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت باهۆز و گەردەلوولی بەهێز درەخت، ستوونی کارەبا و خانووەکان تێکدەشكێنێت. ئاژانسی کەشوهەوای نیشتمانیش دەڵێت خێرایی با گەیشتووەتە 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، 610 هەزار ماڵ بەهۆی باهۆزەکەوە کارەبایان بڕاوە، کە زۆربەیان لە ویلایەتی ئۆهایۆ و پەنسلڤانیا بوون.
گەردەلوولی بەهێز لە ئەمریکا باوە، بەتایبەتیش لە ویلایەتەکانی نێوەڕاست و باشووری وڵاتەکە؛ لە کۆتایی ساڵی 2021ـدا 80 کەس بەهۆی گەردەلوولەوە لە ویلایەتی کەنتاکی گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ