رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی پێنتاگۆن، واشنتن بە نیازە لە ماوەی ساڵێکدا 5 هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە. ئەمەش هەنگاوێکە کە رۆژی شەممە بەرلین بە "چاوەڕوانکراو" ناوی برد و داوای لە ئەورووپا کرد ئاسایشی خۆی بەهێزتر بکات. لە هەمان کاتدا، هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بۆ "روونکردنەوەی وردەکارییەکانی" بڕیارەکە، لەگەڵ واشنتن لەسەر هێڵە.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا و لە ئەڵمانیاش، پێشبینیکراو بوو. دەبێت ئێمەی ئەورووپییەکان بەرپرسیارێتیی گەورەتر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆمان هەڵبگرین."
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی لە هەڵوێستی راوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە جەنگی ئێران دەربڕیبوو.
لەگەڵ چەقبەستنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی ململانێکە، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووند ئاراستەی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی دەکات و تۆمەتباریان دەکات بەوەی کەمتەرخەمن لە پاڵپشتیکردنی ئەو شەڕەی لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دژی ئێران رایگەیاندووە.
رۆژی شەممە، گوتەبێژێکی هاوپەیمانیی ناتۆ رایگەیاند، هاوپەیمانییەکە لەگەڵ ئەمریکا لە کارکردندایە بۆ "روونکردنەوەی وردەکارییەکانی بڕیارەکەیان سەبارەت بە مانەوەی سەربازانی ئەمریکی لە ئەڵمانیا."
واشنتن بەنیازە ژمارەی سەربازەکانی لە ئەڵمانیا بە رێژەی نزیکەی 15٪ کەمبکاتەوە، کە تێکڕای ژمارەی هێزەکانیان لەو وڵاتە دەگاتە 36 هەزار سەرباز. بە گوتەی شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن، ئەوان پێیانوایە ئەو کشانەوەیە دەتوانرێت لە ماوەی "شەش بۆ 12 مانگی داهاتوودا" تەواو بکرێت.
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ کە ئەڵمانیای هاوپەیمانی لەنێو ناتۆ کردووەتە ئامانج، دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "بەڕوونی ئەمریکییەکان ستراتیژییان نییە" بەرامبەر بە ئێران، هەروەها تاران یەکەمین زلهێزی جیهانی "بەگیرهێناوە".
لە وەڵامدا، رۆژی سێشەممە ترەمپ گوتی، مێرتس "پێیوایە ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەو نازانێت باسی چی دەکات."
رۆژی پێنجشەممەش، بێ ئەوەی راستەوخۆ وەڵامی ترەمپ بداتەوە، مێرتس داوای "هاوبەشییەکی جێی متمانەی نێوان ئەورووپا و ئەمریکا"ی کرد.
ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی
رۆژی هەینی، ترەمپ بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەڵمانیای کردە ئامانج و رایگەیاند، بەنیازە "هەفتەی داهاتوو" باجی گومرگی لەسەر ئەو ئە ئۆتۆمبێلانەی لە یەکێتیی ئەورووپاوە هاوردە دەکرێن بۆ 25٪ بەرزبکاتەوە.
ترەمپ یەکێتیی ئەورووپا تۆمەتبار دەکات بەوەی رێزیان لەو رێککەوتنە بازرگانییە نەگرتووە کە هاوینی رابردوو پێی گەیشتبوون، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی پەسندکردنی ئەو رێککەوتنە هێشتا لەنێو ئەو یەکێتییەدا کە لە 27 وڵات پێکدێت، تەواو نەبووە.
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە واشنتن بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، یەکێتییەکە "بەپێی رێکارە یاساییە ئاساییەکان پابەندی ئەو بەڵێنانەیە کە بە واشنتنی داوە و بە درێژایی پرۆسەکەش حکومەتی ئەمریکای بەتەواوی ئاگادار کردووەتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەمریکا پابەندی خاڵەکانی رێککەوتنەکە نەبێت، ئەوا "ئێمە هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵینەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا."
بەم هەنگاوە، کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت. سەرۆکە کۆمارییەکەی ئەمریکاش هەردوو کۆمپانیای مێرسەیدز و بی ئێم دەبلیووی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بۆ چەندین ساڵە ئەمریکییەکانیان "قۆستووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ