ئێران بەندکراوێکی دانیمارکی و دوو بەندکراوی نەمسایی ئازاد دەکات

02-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە نێوەندگیریی عوممان و بەلجیکا، ئێران بەندکراوێکی دانیمارکی و دوو بەندکراوی نەمسایی ئازادکرد. 

ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا گوتی، خۆشحاڵە کە کامەران قادری و مەسعود موساحب دوای "چەندین ساڵی سەخت لە زیندانی ئێران" ئازادکران و دەگەڕێنەوە "ماڵەوە". کامەران قادری بە رەچەڵەک ئێرانییە، بەڵام خاوەن وڵاتینامەی نەمسایە. 
 
هاوکات لاس لوگە غاسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک گوتی، ئەوان "دڵخۆشن کە هاووڵاتییەکی دانیمارکی بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو خێزانەکەی لە دانیمارک."
 
وەزیری دەرەوەی دانیمارک ناوی بەندکراوە ئازادکراوەکەی ئاشکرا نەکرد، چونکە بە گوتەی خۆی، ئەوە شتێکی "تایبەتە" و ناتوانێت وردەکاری زیاتر بدات. 
 
وەزیری دەرەوەی نەمسا سوپاسی هاوتا بەلجیکی و عوممانییەکەی کرد لە بەرامبەر "دابینکردنی پشتیوانی پڕبایەخ" بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات. وەزیری دەرەوەی دانیمارکیش سوپاسی بەلجیکای کرد و گوتی عوممانیش "رۆڵێکی گرنگی بینیوە." 
 
هەفتەی رابردوو، بەلجیکا و ئێران ژمارەیەک بەندکراویان ئاڵۆگۆڕکرد. یەکێکیان ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆماتی ئێرانی بوو کە تۆمەتبار بوو بە هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوەیەک لە نێو گردبوونەوەیەکی گرووپی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی موجاهیدینی خەلق لە فەرەنسا. هەروەها کارمەندێکی مرۆیی بەلجیکی بە ناوی ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیل گەڕایەوە برۆکسل.
 
هیچ روونکردنەوەیەک نەدراوە لەسەر ئەوەی کە ئێران لە بەرامبەر رازیبوون بەم ئاڵۆگۆڕکردنە، چی دەستکەوتووە. 
 
رۆژی هەینی، حەجە لحبیب، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە تویتێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی "پابەندە بە داکۆکیکردن لە ئەوروپییەکانی دیکەی کە بە هەڕەمەکی دەستگیرکراون" و "سەرکەوتووانە ئازادکردنی دوو نەمسایی و دانیمارکییەکی مسۆگەرکردووە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە ئێران دەستگیرکرابوون."
 
ئەلێکساندەر دی کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا گوتی، لە کۆبوونەوەیەکی رۆژی پێنجشەممە لە مۆڵدۆڤا "لە بارەی ئازادکردنی مسۆگەر"ی سێ زیندانییەکە قسەی لەگەڵ هاوتا نەمسایی و دانیمارکییەکانیدا کردووە. 
 
ئازادکردنی ئەو سێ زیندانییە دوای ئەوە دێت کە هەیسەم بن تارق بۆ یەکەمین جار دوای دەستبەکاربوونی وەکو سوڵتانی عومان، سەردانی ئێرانی کرد. 
 
عوممان لەمێژە وەک نێوەندگیر رۆڵی لە نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئێراندا گێڕاوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە