بەریتانیا گەرمترین و وشکترین بەهاری تۆمارکرد

02-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگەی کەشناسیی فەرمیی بەریتانیا (نووسینگەی مێت MET) رۆژی دووشەممە رایگەیاند، وڵاتەکە گەرمترین بەهاری لە مێژووی تۆمارکراویدا بەڕێکردووە و وشکترینیش بووە لە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵی رابردوودا.
 
بەپێی داتاکانی مێت، پلەی گەرما بۆ ئەم وەرزە لەم سەدەیەدا بەردەوام بەرزبووەتەوە و رایگەیاند: "هەشت لە 10 گەرمترین بەهارەکانی بەریتانیا لە ساڵی 2000 بەدواوە روویانداوە."
 
ئیمیلی کارلایل، یەکێک لە زاناکانی دەزگەکە گوتی: "داتاکان بەڕوونی نیشانی دەدەن کە دەیەکانی ئەم دواییە گەرمتر، خۆرەتاوتر و زۆرجار وشکتر بوون لە تێکڕای سەدەی بیستەم."
 
مێت رایگەیاند، تێکڕای پلەی گەرمای سەرەتایی کە لەنێوان مانگەکانی ئادار و ئایاری ئەمساڵدا تۆمارکراون، گەیشتووەتە 9.51 پلەی سیلیزی. ئەمەش ژمارەی پێوانەیی پێشووی شکاند کە لە بەهاری ساڵی رابردوودا تۆمارکرابوو کاتێک تێکڕاکە 9.37 پلە بوو.
 
بەهارە گەرمەکانی دیکە لە ساڵانی 2011، 2014 و 2007 بوون، ئەمە بەپێی مێت ئۆفیس کە لە ساڵی 1884ـەوە داتای پلەی گەرما تۆماردەکات.
 
ئەمساڵ، 128.2 میلیمەتر باران لە سەرانسەری بەریتانیادا لەم وەرزەدا تۆمارکراوە، کە "نزیکەی 40٪ کەمترە لە تێکڕای درێژخایەن و هێشتا وشکترین بەهارە لە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵدا،" هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: "ئینگلتەرا بەتایبەتی وشک بوو، وشکترین بەهاری خۆی لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵدا بەڕێکرد، تەنیا ساڵی 1893 وشکتر بووە."
 
کارلایل گوتی: "کەشوهەوای بەریتانیا لە گۆڕان بەردەوامە. ئەوەی بەتایبەتی جێگەی سەرنجە سەبارەت بە بەهاری ئەمساڵ، تێکەڵەیەکە لە گەرمای پێوانەیی و خۆرەتاو، شانبەشانی بارانبارینی زۆر کەم."
 
مەترسیی وشکەساڵیی هاوین
 
نووسینگەی مێت رایگەیاند، دیارترین تایبەتمەندیی کەشوهەوای ئەم دواییە بریتی بووە لە سیستمە بەردەوامەکانی بەرزە پەستانی هەوا، کە زۆرجار لە دوورگەکانی ئازۆر یان ئەورووپاوە هاتوون. کاریگەریی ئەمانە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە لەسەر بەریتانیا ماونەتەوە و رێڕەوی ئاسایی هەوای ئەتڵەسییان گرتووە، ئەمەش رێگەی داوە پەستانی بەرزی هەوا زاڵ بێت.
 
مانگی رابردوو، ئاژانسی ژینگە ناسراو بە (EA) داوای کۆبوونەوەیەکی گرووپی نیشتمانیی وشکەساڵیی کرد دوای ئەوەی رایگەیاند، ئاستی ئاو لە کۆگەکانی [خەزان] ئاودا "بە شێوەیەکی نائاسایی نزمە".
 
لە کۆبوونەوەکەدا، ریچارد تۆمپسۆن، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی EA هۆشداریدا،"گۆڕانی کەشوهەوا واتای ئەوەیە لە دەیەکانی داهاتوودا وشکەساڵیی زیاتری هاوینە دەبینین."
 
ئاژانسەکە ئەوەشی گوت، هەرچەندە هێشتا وشکەساڵیی فەرمی نییە، بەڵام "مەترسییەکی مامناوەند" هەیە بۆ وشکەساڵیی هاوینە ئەگەر باران کەم ببارێت.
 
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، بۆ خێراکردنی دروستکردنی دوو کۆگەی ئاوی نوێ هەنگاو دەنێت. بەپێی وەزارەتی ژینگە، خۆراک و کاروباری گوندەکان، لە ساڵی 1992ـەوە هیچ کۆگەیەکی ئاوی نوێ دروستنەکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە