باڵیۆزی سۆماڵ لە UN بۆ رووداو: سۆماڵیلاند بەشێکی دانەبڕاوە لە وڵاتەکەمان و پشتگیریی یەکپارچەیی سووریا دەکەین

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەبوبەکر داهیر عوسمان، باڵیۆزی سۆماڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر پرسی سەربەخۆیی سۆماڵیلاند و قەیرانی سووریا بۆ رووداو روونکردەوە؛ جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی دژی هەر هەوڵێکی جیابوونەوەیە و داوای پاراستنی سەروەریی خاکی سووریاش دەکات.
 
پرسی سۆماڵیلاند و مافی چارەی خۆنووسین
 
سەبارەت بەوەی بۆچی سۆماڵ دژی مافی چارەی خۆنووسینە بۆ گەلی سۆماڵیلاند، ئەبوبەکر داهیر عوسمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی بانگەشەی جیابوونەوە دەکەن بەشێکن لە سۆماڵ و دەبێت پابەندی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێککەوتننامەی قاهیرەی ساڵی 1964ی یەکێتیی ئەفریقا بین، کە جەخت لە پاراستنی ئەو سنوورانە دەکاتەوە کە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمەوە ماونەتەوە."
 
باڵیۆزی سۆماڵ ئاماژەی بە یەکێتیی نەتەوەیی و کولتووریی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "سۆماڵ یەک گەل، یەک ئایین، یەک زمان و یەک کولتوورن. مێژووی سەربەخۆیی ئێمە لە ساڵی 1960ەوە دەستی پێکردووە و سۆماڵیلاندیش بەشێک بووە لەو پرۆسەیە و هەمان ئاڵا و سروودی نیشتمانیی هەبووە." هەوڵەکانی جیابوونەوەیشی بە "دروستکراوی دەرەکی" وەسفکرد، کە ئامانجیان دابەشکردنی سۆماڵە بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیەوە.
 
هەڵوێست لەسەر دۆخی سووریا
 
سەبارەت بە پرسی سووریا و پلانی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، باڵیۆزی سۆماڵ ئاشکرای کرد، چەند دانیشتنێکی تایبەت لەسەر چەکی کیمیایی و بارودۆخی سیاسی و مرۆیی سووریا ئەنجام دەدرێن.
 
ئەبوبەکر داهیر عوسمان گوتی، "سووریا بۆ سۆماڵ وڵاتێکی زۆر گرنگە و رێزی لێ دەگرین. ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش کار دەکەین بۆ پاراستنی سەروەری، یەکپارچەیی خاک و یەکێتیی سووریا."
 
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە کورد، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە لەخۆبگرێت، باڵیۆزی سۆماڵ جەختی لە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ هەر چارەسەرێکی سیاسی لە داهاتوودا.
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامی ئەبوبەکر داهیر عوسمان، باڵیۆزی سۆماڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو. دوو پرسیارم هەیە. یەکەمیان سەبارەت بە سۆماڵیلاندە. دەمەوێت بزانم بۆچی ئێوە دژی مافی چارەی خۆنووسینن بۆ گەلی سۆماڵیلاند؟ چی ئەوان لەو گەلانەی دیکە جیادەکاتەوە کە ئەو مافەیان بەدەستهێناوە؟ پرسیاری دووەمیشم سەبارەت بە سووریایە، ئایا پلانتان هەیە دانیشتن (کۆبوونەوە) لەسەر سووریا ئەنجام بدەن؟ هەڵوێستی وڵاتەکەتان چییە بەرامبەر هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی حکومەتێکی گشتگیر لە سووریا، کە کورد، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە لەخۆبگرێت؟ سوپاس.
 
ئەبوبەکر داهیر عوسمان: پرسی جووداخوازیی گرووپی سۆماڵیلاند شتێک نییە؛ ئەوان بەشێکن لە سۆماڵ و هەروەها میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەیە کە دەبێت پەیڕەوی بکەین. یەکێتیی ئەفریقا (AU) ـ کە پێشتر ناوی رێکخراوی یەکێتیی ئەفریقا بوو ـ لە ساڵی 1964 و دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، "رێککەوتننامەی قاهیرە"ی دەرکرد، کە دەڵێت، دەبێت پابەندبین بەو سنوورانەی لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمەوە ماونەتەوە. شتێکی دیکە کە خەڵک نایزانێت ئەوەیە کە سۆماڵ یەک گەلن، یەک نەتەوە، یەک ئایین، یەک زمان و یەک کولتوورن. ئەگەر سەیری مێژوو بکەن، سۆماڵ هەمیشە سوڵتاننشینێکی سەربەخۆ بووە. لە ساڵی 1884 سۆماڵ دابەش کرا، بەڵام لە ساڵی 1961 گەیشتینە سەربەخۆیی. یەکەم بەش کە سەربەخۆیی وەرگرت "سۆمالیلاندی بەریتانی" بوو، کە باکووری سۆماڵ بوو. دوو ناوچە بوون، لە 26ی حوزەیرانی 1960 سەربەخۆییان وەرگرت، ئەو ئاڵایەی بەرزیان کردەوە هەمان ئاڵای ئێستای سۆماڵ بوو. رەنگە شینەکە و ئەستێرە سپییە پێنج-گۆشەکە. ئەو سروودە نیشتمانییەی لە 26ی حوزەیرانی 1960دا دەگوترایەوە، هەمان ئەو سروودە نیشتمانییەیە کە ئێستاش سۆماڵ هەیەتی. تەنانەت ئەو بزووتنەوەیەی بانگەشەی جیابوونەوە لە سۆماڵ دەکات ـ لە کاتێکدا ئێمە یەک گەل، یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئایینین، تەنانەت سەر بە هەمان مەزهەبیشین ـ کاتێک لە دژی رژێمی سەربازی دەجەنگان، ناویان (SNM) بوو؛ ناویان سۆماڵیلاند نەبوو، بەڵکو "بزووتنەوەی نیشتمانیی سۆماڵ" بوو. کەواتە ئەمە دروستکراوی هەندێک کەسە لە دەرەوەی سۆماڵ، کە دەیانەوێت سۆماڵ دابەش بکەن، بەهۆی دەوڵەمەندیی کولتوور و بەهاکانی و پێگە جیۆسیاسییەکەیەوە. بۆیە من هیچ رێگەیەک بۆ ئەوە نابینم. ئێمە سیستمێکی خۆمان هەیە کە کار دەکات. پێم وایە هێزی داگیرکەر ئەمە بەکاردەهێنێت بۆئەوەی بزانێت ئایا دەتوانێت ئەو فەڵەستینییانە بۆ ئەو خاکە بگوازێتەوە، هەروەها بۆ سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوەی کە من ناوی دەنێم جینۆساید. نەک تەنیا من، بەڵکو هەموو رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت دادگای نێودەوڵەتیی دادوەرییش (ICJ) دەڵێن، جینۆساید لە ئارادایە. بۆیە پێم وانییە ئەو پلانە سەربگرێت. سەبارەت بە سووریا، چەند کۆبوونەوەیەکمان دەبێت، یەکیان لەسەر چەکی کیمیایی و ئەوی دیکەیان لەسەر بارودۆخی سیاسی، ئەمنی و مرۆیی. سووریا بۆ سۆماڵ زۆر گرنگە. وڵاتێکە کە رێزی لێ دەگرین، پێمان وایە دوای ماوەیەکی درێژ لە دیکتاتۆرییەت، ئێستا ئەوان لە دۆخێکی جیاوازدان، بەڵام ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش کار دەکەین بۆئەوەی لانیکەم سەروەری و یەکپارچەیی خاک و یەکێتیی سووریا بپارێزرێت، کە ئەمە زۆر هەستیار و گرنگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە چەند ناوچەیەکی پایتەختی ڤەنزوێلا. وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا بیسترا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی ڤەنزوێلا دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەیەکی بەهێز لەگەڵ دەنگی فڕینی فڕۆکە لە ئاسمانی کاراکاسی پایتەخت بیسترا، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو دانیشتووانی شارەکە دروستکردووە