لە چین خانوو و باڵەخانە لە سەهۆڵ دروستدەکرێت

05-01-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
کەرنەڤاڵی زستانە لە هەرێمی شینجیان ئیگۆری لە چین دەستیپێکردووە
کەرنەڤاڵی زستانە لە هەرێمی شینجیان ئیگۆری لە چین دەستیپێکردووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەرنەڤاڵی زستانە لە هەرێمی شینجیان ئیگۆری لە چین دەستیپێکردووە. لە کەرنەڤاڵەکدا دەیان جۆر چالاکیی وەرزشی وەک نەخشاندنی سەر سەهۆل، دروستکردنی پەیکەری سەهۆڵین، یاری تۆپی پێی سەر سەرهۆڵ، خلیسکێنەی سەر بەفر ئەنجامدەدرێن.
 
کەرنەڤاڵەکە تاوەکو کۆتایی مانگی شووبات بەردەوام دەبێت و وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆڵەمپیادی زستانەی 2022 لە چین سەیر دەکرێت. کەرنەڤاڵەکە بە گڵۆپە سەرنجڕاکێش و رەنگاوڕەنگەکانی سەرنجی سەتان گەشتیاری راکێشاوە، زیاتر لە 120 کاری نەخشاندنی سەهۆڵ، بەفر و چرای رەنگاوڕەنگ و جیاواز پێشاندراون، پەیکەر لە سەهۆڵ نەخشێندراون و 10 پەیکەریش لە بەفر دروستکراون. 
 
ژانگ یی، رێکخەرێکی کەرنەڤاڵەکەیە و دەڵێت، "یاری تۆپی پێی سەهۆڵ بۆ ئێمە پرۆژەیەکی نوێیە و زۆر سەرنجڕاکێشە، یاریزانان دەتوانن جووڵەی جیاواز لەسەر سەهۆڵەکە بکەن، ئەوەش یارمەتیی یاریزانان دەدات مێشک و جەستەیان بە‌هێزتر بێت." 
 
لەو فیستیڤاڵەدا 20 کیلۆمەتری چوارگۆشە بە بەفر و سەهۆڵ داپۆشراوە، ژمارەیەکی زۆری ئامرازی خلیسکاندن بەردەستن، بڕیارە فیستیڤاڵی کولتووریی بەفر تاوەکو کۆتایی مانگی شووبات بەردەوام بێت و تاوەکو ئەو کاتە چالاکیی گەشتیاریی جیاواز ئەنجام دەدرێن. فیستیڤاڵی بەهارەش لە 1ـی شووبات بە بۆنەی سەرەتای ساڵی چینی دەستپێدەکات. 
 
وو ژوان، هاووڵاتییەکی چینییە و دەڵێت، "من حەزم بە هەموو جۆرە پڕۆژەیەکی بەفر و سەهۆڵە. هەر بۆیە ئەم شوێنە بۆ من زۆر خۆشە. هەست بە دڵخۆشی دەکەین کاتێک پێشوازیی لە ئۆڵۆمپیادی زستانەی پەکین دەکەین." 
 
چین خۆی بۆ ئۆڵۆمپیادی زستانەی 2022 ئامادە دەکات، بەڵام بە پاساوی "چەوساندنەوەی" موسڵمانانی ئیگۆر و موسڵمانەکانی دیکەی شینجیان، هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا بڕیاریانداوە هیچ نوێنەرێکی سیاسی نەنێرنە یارییەکانی ئۆڵمپیاد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە