رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن بەهۆی ناکۆکییەکانی سەر بەرەی لوبنان "لەرزۆکە"؛ جەختیش دەکاتەوە کە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت پرسی مووشەکە بالیستییەکان و گرووپە نزیکەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.
ئاگربەستێکی لەرزۆک و کێشەی لوبنان
ڤیکتۆریا تەیلەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستەکە لە دۆخێکی جێگیردا نییە، چونکە ئێران پێداگری دەکات کە دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل تەنانەت دوای رێککەوتنی واشنتن و تاران، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەو وڵاتە چڕتر کردوونەتەوە. تەیلەر دەڵێت: "گەیشتن بە رێککەوتن زۆر قورس دەبێت، چونکە ئەمریکا و ئێران لە زۆر خاڵدا لە یەکدی دوورن."
سزاکان و مەرجی مووشەکە بالیستییەکان
سەبارەت بە ئەگەری هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشبینی دەکات لە هەر رێککەوتنێکدا تەنیا "سوککردنی سزاکان" ببینرێت، نەک هەڵگرتنی تەواوەتییان.
ئەو دیپلۆماتە باس لەوە دەکات کە پرسی مووشەکی بالیستی بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو خاڵێکی سەرەکییە و دەبێت ئێران لەسەری بدوێت تاوەکو ناوچەکە هەست بە ئاسایش بکاتەوە، بەڵام تاران تاوەکو ئێستا ئامادەی گفتوگۆ نییە لەسەر ئەو بابەتە و پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان.
رۆڵی پاکستان لە دانوستاندن
تەیلەر دەڵێت، پاکستان توانیویەتی متمانەی هەردوو لایەن بەدەستبهێنێت بۆ گەیاندنی پێشنیازی ئاگربەست، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران زیانی گەورەی بە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە گەیاندووە، تەنانەت هێرش کراوەتە سەر عومانیش کە رۆڵی نێوەندگیری دەبینی.
عێراق و پرسی گرووپە چەکدارەکان
تەیلەر رەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق گرت بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان و گوتی: "پێویستە بەغدا هەنگاوی زۆر تووند و کردەیی بنێت بۆ سنووردارکردنی میلیشیاکان."
ئەو دیپلۆماتە ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکە سەربازی و هەواڵگرییەکان، ئیدارەی ترەمپی ناچار کردووە داوای هەڵوێستی جیدی لە بەغدا بکات.
پاراستنی هەرێمی کوردستان و سیستەمی بەرگری
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڤیکتۆریا تەیلەر جەختی لە گرنگیی پاراستنی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی ئەمریکا گفتوگۆی جیدی لەگەڵ هەولێر و بەغدا بکات بۆ دابینکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی.
تەیلەر گوتی: "ژمارە زۆرەکەی هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، گرنگیی ئەو گفتوگۆیانە نیشان دەدات."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو و ڤیکتۆریا تەیلەر:
پرسیار: پێت وایە جەنگ دەستپێدەکاتەوە یان رێککەوتنی ئاشتی دەکرێ؟
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دەتوانم بڵێم ئاگربەستەکە زۆر لەرزۆکە. ئاشکرایە کە ئێستا ناکۆکییەک هەیە لەسەر ئەوەی ئایا لوبنانیش دەگرێتەوە یان نا. ئێران پێداگری دەکات کە دەبێت بیگرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل دوێنێ ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بۆردوومانی لە لوبنان دەستپێکرد، تەنانەت دوای ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا رێککەوت. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لوبنان دەبێتە بەشێک لەو ئاگربەستە یان نا؟ هەروەها ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل هاوڕان لەسەر ئەوەی دانوستاندنەکان چۆن دەبن؟ پێم وایە گەیشتن بە رێککەوتن زۆر قورس دەبێت، چونکە ئەمریکا و ئێران لە زۆر خاڵدا لە یەکەوە دوورن.
پرسیار: ترەمپ رازی دەبێت سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران لابدات و پارە بلۆکراوەکانی رادەست بکاتەوە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پێم وایە لە هەر رێککەوتنێکدا رەنگە هەندێک ئاسانکاری و سوککردنی سزاکان ببینین، بەڵام پێم وانییە سزاکان بە تەواوی هەڵبگیرێن، گرنگ نییە چی رێککەوتنێک دەکرێ. چونکە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ئێران نایەوێ لەسەر توانای مووشەکی بالیستی و پشتگیریکردنی گرووپە بەوەکالەتەکانی دانوستاندن بکات. پێم وایە سەرۆک ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا، هەروەها ئیسرائیلیش، لەسەر ئەم خاڵە زۆر تووند دەبن کە دەبێت ئەم بابەتانە لە هەر رێککەوتنێکی فراواندا هەبن.
پرسیار: دوای ئەم شەڕە، نەمانی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بووەتە داواکارییەکی سەرەکی؟
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: مووشەکی بالیستی هەمیشە بابەتێکی سەرەکی بووە کە ئەمریکا ویستوویەتی باسی بکات و بۆ ئیسرائیلیش زۆر هەستیارە. دوای ئەوەی بینیمان ئێران ئاستی گرژییەکانی لە ناوچەکەدا زۆر بەرزکردەوە، ئەم خاڵە گرنگییەکی زیاتری پەیدا کردووە بۆ ئەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو هەست بە ئاسایشی راستەقینە بکەنەوە.
پرسیار: پاکستان نێوەندگیرێکی باشترە یان عومان؟
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: گرنگترین فاکتەر بۆ نێوەندگیر ئەوەیە کە متمانەی هەردوو لایەنی (ئەمریکا و ئێران)ی هەبێت. پێم وایە ئێستا پاکستان توانیویەتی ئەو رۆڵە ببینێت بۆ گەیاندنی پێشنیازی ئاگربەست. دەبێت ببینین کە بەکوێ دەگات، بەڵام هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەی کەنداو، وایکردووە وڵاتانی کەنداو زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و ئەوەش زیانی بە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانە گەیاندووە، تەنانەت عومانیش ئێران هێرشی کردە سەری لە کاتێکدا عومان رۆڵی نێوەندگیری دەبینی.
پرسیار: گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر ئێران، عێراقییان کردە گۆڕەپانی هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. ئایا ئەمە مامەڵەی ئەمریکا بەرامبەر عێراق دەگۆڕێت؟
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: تەنانەت پێش دەستپێکردنی ئەم جەنگەش، ئیدارەی ترەمپ هەڵوێستێکی تووندی هەبوو کە دەبێت حکومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ سنووردارکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران. هێرشی میلیشیاکان نەک تەنیا بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا، بەڵکو هەڵمەتە گەورەکەیان بۆ سەر کوردستان و بنکە سەربازییەکانی عێراق و بارەگای هەواڵگری، ئەوە نیشان دەدات کە بەغدا پێویستە هەنگاوی زۆر تووند و کردەیی بنێت.
پرسیار: ئایا پێویستە ئەمریکا زیاتر چی بکات بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان؟
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: بە دڵنیاییەوە ئەمە گفتوگۆیەکی گرنگە کە دەبێت حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بیکات سەبارەت بە تواناکانی بەرگری و بەرگری ئاسمانی. ئەم گفتوگۆیە ئەمریکا لەگەڵ بەغداش هەیبووە. پێم وایە ژمارە زۆرەکەی هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، نەک تەنیا لەکاتی ئەو جەنگە، بەڵکو پێش جەنگەکەش، گرنگی ئەوە نیشان دەدەت کە ئەو گفتوگۆیانە دەبێت بکرێن، ئەوەش نەک تەنیا لە نێوان هەولێر و واشنتن، بەڵکو دەبێت بەغداش بگرێتەوە.
پرسیار: ئایا ئەم دانوستانە کۆبوونەوە هەینی دەبێت یان رۆژی شەممە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پێم وایە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە کۆبوونەوەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە پاکستان بەڕێوەدەچێت. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا دانوستاندنەکان بەردەوام دەبن؟ لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئێراندایە کە دانوستاندنەکان بەردەوام بن و ئاگربەستەکە ببێتە دانوستانێکی جیدی. زیادبوونی شەڕ و گرژی ئامانجەکانی هیچ لایەک ناپێکێت و دۆزینەوەی رێگەیەکی دیپلۆماسی باشترین چارەسەرە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ