بەریتانیا تانەلێدان لە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران قەدەخە دەکات

04-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا بەنیازە تانەلێدان لە بڕیاری دیپۆرتکردنەوە یان ناردن بۆ وڵاتی سێیەم لە کۆچبەران قەدەخە بکات. 
 
رۆژی شەممە، 4ـی شوباتی 2023، میدیای بەریتانی لە زاری گوتەبێژێکی وەزارەتی نێوخۆی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە: "کاری زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی یاسایەک بخەینەڕوو کە دڵنیایی بدات لەوەی ئەوانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دێنە بەریتانیا دەستبەسەردەکرێن و دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان یانیش رەوانەی وڵاتی سێیەم دەکرێن". 
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وەستاندنی لێشاوی ئەو کۆچبەرانەی کە لە نۆکەندی ئینگلیزەوە دەچنە وڵاتەکەی کردووەتە یەكێک لە پێنج کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی. چوار کاری دیکەش بریتین لە دابەزینی هەڵاوسان، گەشەسەندنی ئابووری، کەمکردنەوەی قەرز و چاکسازی لە کەرتی تەندروستیدا. 
 
سووناک بەڵێنیداوە یاسای نوێ بخاتەڕوو بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لەوەی ئەگەر کەسێک بە شێوەیەکی نایاسایی بچێتە ئەو وڵاتەوە، دەستبەسەردەکرێت و بەخێرایی دەردەکرێت. 
 
میدیای بەریتانیا باس لەوە دەکات، وەزارەتی نێوخۆ ئێستا کار لەسەر دوو پێشنیاز دەکات بۆ رێگرتن لە کۆچبەران لە بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی؛ ئەوەش یان لە رێگەی لێسەندنەوەی مافی تانەلێدان لە بڕیاری دەرکردنیان یانیش وەها بکرێت تەنیا دوای دیپۆرتکردنەوەیان بتوانن تانە لە بڕیاری ناردنەوەیان بدەن. 
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، دەڵێت، "ژمارەی زۆری خەڵکی کە لە رێگەی ئەم گەشتە مەترسیدارانەوە ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە گوشارێکی لەپێشینە نەهاتوویان بۆ سەر سیستمی پەنابەرێتیمان دروستکردووە". 
 
لە مانگی نیسانی 2022دا وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا سیاسەتی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا راگەیاند. بەگوێرەی ئەو سیاسەتە، هەر کەسێک لە 1ـی کانوونی دووەمی 2022ـەوە بە نایاسایی چووبێتە نێو خاکی بەریتانیاوە، رەوانەی رواندا دەکرێت تاوەکو ئەو کاتەی دۆسیەکەی یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام ئەو بڕیارە لەلایەن رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە و مافی تانەلێدان لە بڕیارەکە لە دادگەی باڵای لەندەن، حکومەتی ناچار بە هەڵپەساردنی کرد.
 
لە ئەگەری دەرکردنی یاسای لەو جۆرە و جێبەجێ کردنی، چیدیکە کۆچبەران مافی ئەوەیان نابێت تانە لە بڕیاری حکومەت بدەن بۆ دیپۆرتکردنەوەیان. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم 592 کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە وڵاتەکە. لە هەمان کاتی ساڵی رابردوودا ژمارەکە هەزار و 339 کۆچبەر بووە.
 
لە تەواوی ساڵی 2022شدا، بەگوێرەی وەزارەتەکە، 45 هەزار و 728 کەس رێگەی نۆکەندی ئینگلیزیان بڕیوە بۆ ئەوەی بچنە بەریتانیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لە ژنانی داعش لە کەمپی هۆل. وێنە: AFP

لە پاریس ژنێکی گەڕاوە لە کەمپی هۆل بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا

دادگەی تاوانەکانی پاریس، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر ژنێکی فەرەنسیدا سەپاند کە لە کەمپی هۆلەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەڕابووەوە وڵاتەکە؛ سزاکە بەرامبەر ئەندامبوونیەتی لە داعش دا.