پڕۆژەیاسایەکی نوێ لە بەریتانیا؛ مافی پەنابەری نادرێتە ئەوانەی بە نۆکەندی ئینگلیزدا دەچنە وڵاتەکە

04-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

چاوەڕوان دەکرێت وەزیری نێوخۆی بەریتانیا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان و رێگەنەدان بە بەدەستخستنی وڵاتینامە لە کۆنفرانسی پارتیی پارێزگاران بخاتەڕوو، لەکاتێکدا چەند پلانێک بۆ بنبڕکردنی پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز دەخاتەڕوو. 
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2022 میدیای بەریتانی رایگەیاند، لە یەکەمین گوتاریدا لە کۆنفرانسی پارتیی پارێزگاراندا، چاوەڕوان دەکرێت سوێلا براڤەرمەن، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا لە شاری بێرمینگهام چەند پێشنیازێک بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکانی وڵاتەکەی بخاتەڕوو کە زیاتر لە یاسای 'سنوور و رەگەزنامە' سنوورەکانی وڵاتەکە تۆکمەتر دەکات.
 
بەپێی پڕۆژەیاساکەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە دەچنە وڵاتەکە، رێگەیان پێنادرێت داوای مافی پەناخوازی بکەن. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی ئەنجوومەنی پەنابەرانی بەریتانیا، هەر پەناخوازێک ماوەی نێوان 3 بۆ 5 ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی مامەڵەی پێدانی وڵاتینامەی بۆ رایی بکرێت، بەڵام بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، وڵاتینامەی بەریتانی "بە هیچ کۆچبەرێکی نایاسایی" نادرێت. ئەوەش وادەکات، پەناخوازان هەر بە پەناخوازی بمێننەوە و نەتوانن وەکو پەنابەرێک لە وڵاتەکەدا بژین. 
 
لەژێر چەتری یاسای 'سنوور و رەگەزنامە' دا کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لەلایەن پریتی پاتێل، وەزیری پێشووی نێوخۆی بەریتانیا خرایەڕوو، ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەچنە بەریتانیا یان ئەوانەی لەدوای کۆتاییهاتنی ڤیزاکانیان لە وڵاتەکە دەمێننەوە، سزای چوار ساڵ بەندکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت. 
 
کۆنفرانسی پارتیی پارێزگاران رۆژی 2ـی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت. 
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، براڤەرمەن چەند پلانێک بۆ پاڵپشتیی زیاتری بەریتانیا بۆ فەرەنسا دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی باندەکانی بە قاچاخبردنی کۆچبەران "چارەسەر بکەن". 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، لانیکەم 33 هەزار کەس لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا و تەنیا لە مانگی ئەیلوولدا 7 هەزار و 767 کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە وڵاتەکە.
 
رۆژی 2ـی تشرینی یەکەمیش، براڤەرمەن بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، حکومەتەکەی لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پابەند دەبێت بە بەڵێنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن، کە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی وەرگرتنی پەنابەران، زۆربەی وەزیرەکانی کابینەکەی ترەس-یش لەگەڵ ئەوەدان.
 
وەزیری نێوخۆی بەریتانیا گوتی: "ژمارەیەکی زۆر پەنابەری بێ توانا روویان لە وڵاتەکە کردووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری نێودەوڵەتی هەن کە لەگەڵ خێزانەکانیان دێن. ژمارەیەکی زۆر پەنابەر هەن، کە پشت بە داهاتی حکومەت دەبەستن."
 
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، وەزیری نێوخۆی ئەوکاتی بەریتانیا پلانی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا راگەیاند کە وادەکات، هەر کۆچبەرێک لەدوای کانوونی دووەمی 2022 بەشێوەیەکی نایاسایی چووبێتە وڵاتەکەوە، رەوانەی رواندا بکرێت. بەڵام بەهۆی مشتومڕی زۆر لەسەر پرسەکە، تاوەکو ئێستا پلانەکە جێبەجێ نەکراوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتگیریی هەرێمی کوردستان وەک 'دۆست و هاوپەیمان' نیشاندا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی، وەزیرە ئەڵمانییەکە، پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان وەکو 'دۆست و هاوپەیمان' نیشانداوە.