رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو کەیت رۆبنز، ژنە ئاسمانەوانی ناسا زیاتر لە 400 کیلۆمەتر دوور لە زەوییەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا بەشداریی کرد و دەنگی دا.
ئەو ئاسمانەوانە ساڵی 2016 بۆ یەکەمین جار لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان دەنگی دا و ئەمساڵ بووە دووەمین جار کە لە بۆشایی ئاسماندا دەنگ بدات.
لە ساڵی 1997ـەوە رێگەدراوە کە لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگ بدرێت. ئەوەیش کاتێک کە لە ویلایەتی تێکساس یاسایەک بۆ ئەو مەبەستە پەسەندکرا.
هەر لەو ساڵەدا دەیڤید وۆڵف، ئاسمانەوانی ناسا بووە یەکەمین هاووڵاتیی ئەمریکی لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگ بدات، ئەوەش لە وێستگەی ئاسمانیی میر بووە.
لەو کاتەوە ژمارەیەک ئاسمانەوانی دیکەی ناسا لە خولگەی زەوییەوە دەنگیان داوە.
دەنگدانەکە چۆن دەبێت؟
پێش ئەوەی گەشت بۆ بۆشایی بکەن، ئاسمانەوانەکان هەمان ئەو فۆڕمە پڕدەکەنەوە کە سەربازەکان و ئەندامانی خێزانەکانیان لە دەرەوەی ئەمریکا پڕی دەکەنەوە. بە پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە، ئاسمانەوانەکان رەزامەندی بۆ بەشداریکردن لە دەنگداندا دەردەبڕن.
ژمارەیەکی زۆری ئاسمانەوانەکان وەک دانیشتووی تێکساس دەنگدەدەن، چونکە لە ناوەندی بۆشایی ئاسمانیی جۆنسنی سەر بە ناسا لە شاری هیوستنی سەر بەو ویلایەتە مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت.
ئاسمانەوانەکان لەسەر زەوی لەسەر کۆمپیوتەرێک راهێنێنایان پێدەکرێت بۆ ئەوەی دواتر کە گەییشتنە بۆشایی ئاسمان لە رێگەی ئەو کۆمپیوتەرەوە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە و بەربژێری خۆیان هەڵبژێرن و دواتر لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتی بۆشایی ئاسمانیی ناساوە، کە زەوی بە وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتییەوە دەبەستێتەوە، فۆرمەکە لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە دەنێردرێتەوە بۆ سەر زەوی و دەگەیێنرێتە فەرمانگەی دەنگدانی ئەو ناوچەیەی کە ئاسمانەوانەکان لەسەر زەوی لێی دەژین.
فۆڕمەکە بە شفرە دەکرێت بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت ئەنجامەکەی بزانێت و لە رۆژی دەنگدان لە رێگەی فەرمانگەکەوە شفرەکەی لادەبرێت و دەژمێردرێت.
ناسا مەبەستیەتی دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە هەموو ئاسمانەوانەکانی لە بۆشایی ئاسماندا بتوانن دەنگ بدەن بەبێ گوێدانەوەی ئەوەی لە کام هەسارەی کۆمەڵەی خۆرن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاژانسەکە پلانی ئەوەی هەیە تا ساڵی 2024 ژمارەیەک ئاسمانەوان بنێرێتە سەر مانگ و دواتریش هەندێکی دیکەیان بنێرێتە سەر مەریخ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ