نیوەی هەولێر خەڵکی لێ یە و لە سەربەخۆیی کەمتری ناوێت

04-11-2025
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
 ئاڵایەکی بیابانی رۆژئاوا کە بە کۆماری دیموکراتی عەرەبی بیابانی-ش دەناسرێت. وێنە: AFP
ئاڵایەکی بیابانی رۆژئاوا کە بە کۆماری دیموکراتی عەرەبی بیابانی-ش دەناسرێت. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەم شوێنە، بیابانی رۆژئاوایە، تاکە گەلی ئەفریقای لێ یە کە هێشتا سەربەخۆیی وەدەست نەهێناوە. پێیدەگوترێت "دوایین کۆڵۆنی ئەفریقا". رووبەڕەکەی نزیکەی حەوت هێندەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام خەڵکەکەی نیوەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر نابێت: 600 هەزار کەسن. 
 
رۆژی هەینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارێکی مشتومڕ هەڵگری لەبارەیەوە دەرکرد. بڕیارەکە، کە ئەمریکای لە پشت بوو، پاڵپشتی پلانێکی مەغریب دەکات کە ئوتۆنۆمی، نەک سەربەخۆیی تەواو، بداتە بیابانی رۆژئاوا و دەڵێت، دەبێت لایەنەکان دەستبکەن بە دانوستاندن بۆ وەدەستهێنانی ئەو ئامانجە.
 
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە لەم چەند هەفتەیەدا بێنە سەر مێزی دانوستاندن و بەشداربن لە دانوستاندنێکی جیدی لەسەر پێشنیازە بەجێ و واقیعییەکەی مەغریب بۆ ئۆتۆنۆمی".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ئەم پیاوە، ستێفان دی میستورا، کە رۆژانێک نوێنەری نەتەوەیەکگرتووکان بوو لە عێراق، سەرپەرشتیی هەوڵەکانی رێکخراوەکە دەکات بۆ چارەسەکردنی کێشەکە، کە زیاتر لە 50 ساڵە بەردەوامە و 10-20 هەزار کەسی تێدا کوژراوە.
 
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی  نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت: "بێگومان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی، ستیفان دی میستورا، سەرپەرشتی ئەوە دەکات و بڕیارەکە بەکاردەهێنێت بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنەکانەوە تاوەکو  بزانێت ئایا دەتوانین خولێکی دیکەی دانوستاندنەکان دەست پێبکەینەوە".
 
وڵاتێکی ئەفریقی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە پاڵپشتی بڕیارەکەی کرد، سیرالیۆن بوو.
 
رووداو لە باڵیۆزی سیرالیۆنی پرسی: لە 31ی تشرینی یەکەم دا، دەنگت بەو بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دا کە پلانی ئۆتۆنۆمی مەغریبی بۆ بیابانی رۆژئاوا پەسەند کرد، بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی مێژوویی وڵاتەکەتان بۆ ئازادی لە کۆڵۆنیالیزم و وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین، چۆن دەنگدانەکەتان لەگەڵ ئەو بنەمایەدا یەکدەگرێتەوە، واتە لەگەڵ بنەمای مافی چارەی خۆنووسین بۆگەلی بیابانی رۆژئاوا؟
 
مایکڵ عیمران کانو، باڵیۆزی سیرالیۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامدا بە رووداوی گوت: "لە بیابانی رۆژئاوا، دەستپێشخەرییەک خراوەتەڕوو کە زۆرینەی وڵاتانی ئەندام پشتیوانی دەکەن. ئەمەش دەکەوێتە چوارچێوەی بنەمای مافی چارەی خۆنووسین، بۆیە دڵنیاین کە دەکەوێتە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان".
 
لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری بیابانی رۆژئاوا، کە بەرەی پۆلیساریۆیە، دژایەتی تووندی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و گوتی لە سەربەخۆیی تەواو کەمتر قبووڵ ناکەن.
 
سیدی عومەر، نوێنەری بەرەی پۆلیساریۆ دەڵێت: "بەرەی پۆلیساریۆ تاکە نوێنەری شەرعی و دەنگی گەلی بیابانە کە لە هەموو شوێنێکی جیهان رژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندانی بەرفراوان، بە دەنگێکی بەرز و روون دەڵێت بە تووندی دەستدەگرن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆییەوە و سازشی لێناکەن".
 
رووداو پەیوەندی بە نوێنەرایەتیی مەغریب لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کرد، بەڵام بەڵام هیچ وەڵامێکی وەرنەگرت. 
 
لە ئەنجوومەنی ئاسایش تەنیا جەزائیر دژی بڕیارەکە وەستایەوە و، پاڵپشتی سەربەخۆیی بیابانی رۆژئاوای کرد.
 
عەمار بێندجامە، باڵیۆزی جەزائیر لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "ئەوە زۆر لە خوار ئاستی چاوەڕوانییەکان و ئاواتە رەواکانی خەڵکی بیابانی رۆژئاواوەیە".
 
چین و رووسیا بێلایەنیان هەڵبژارد، بەڵام چونکە هیچ وڵاتێک ڤیتۆی نەکرد، پڕۆژەکە پەسەند بوو. دژایەتی و پێداگیری تووندی بیابانی رۆژئاوا لەسەر سەربەخۆیی و رەتکردنەوەی ئۆتۆنۆمی کاریگەری ئەم بڕیارەی لە سەر زەوی بە ناڕوونی هێشتووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە