وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رابگیرێن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی چین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، داوای وەستاندنی دەستبەجێی هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هەروەها هۆشداری لە لێکەوتە ئابوورییە جیهانییەکانی ئەم جەنگەی دا.
 
رۆژی هەینی 06-03-2026 وەزارەتی دەرەوەی چین لە لێدوانێک بۆ مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە چین رایگەیاند، گەرووی هورمز و سنووری ئاویی دەوروبەری، وەک رێڕۆیەکی نێودەوڵەتیی زۆر گرنگ بۆ بازرگانیی کەلوپەل و گواستنەوەی وزە دەبینرێن. چین پێیوایە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەم ناوچەیە، بەرژەوەندییەکی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
 
پەکین بە روونی داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، "دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگرن" و رێگری بکەن لە زیاتر تێکچوونی بارودۆخەکە. چین هۆشداری دا، پەرەسەندنی ئەم گرژییانە، ناوچەکە بەرەو پشێوییەکی گەورەتر دەبات کە زیانی گەورە بە ئابووریی جیهان دەگەیەنێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت رێگری لە هەر جۆرە تووندوتیژییەک بگیرێت کە ببێتە هۆی پەکخستنی گەشەی ئابووریی جیهانی، داوای لە لایەنەکان کردووە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخە ئاڵۆزەکەدا بکەن تاوەکو کارەساتەکە گەورەتر نەبێت.
 
ئەم هەڵوێستەی چین لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران چووەتە حەوتەمین رۆژییەوە و مەترسیی داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن تارانەوە، بازاڕەکانی جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە