رووداو دیجیتاڵ
پڕۆگرامی "خەڵات بۆ دادپەروەری" ئەمریکا بڵاویکردەوە، 10 ملیۆن دۆلاریان وەکو خەڵات بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی دوو هاککەری ئێرانی تەرخانکردووە، کە هێرشی سایبەرییان کردبووە سەر ژمارەیەک ژێرخانی گرنگی وڵاتەکەیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پڕۆگرامەکە، چالاکییە سایبەرییەکە لەلایەن محەممەد باقر شیرینکار، سەرۆکی رێکخراوی شاهید شوشتاری و فاتیمە سدیقیان کاشی هاوڕێی نزیکییەوە کراوە.
پڕۆگرامی "خەڵات بۆ دادپەروەری" کە سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکایە، خەڵات بۆ دەستکەوتنی زانیاری و دەستگیرکردنی هەر کەسێک تەرخاندەکات، کە چالاکی سایبەری دژی ژێرخانی سایبەری ئەمریکا بکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شەهید شوشتاری رێکخراوێکی سایبەری سەر بە فەرماندەیی ئەلیکترۆنی سوپای پاسدارانی ئێرانە و چەند ناوێکی ساختەشی بۆ چالاکییەکانی لە ئەمریکا بەکارهێناوە. هەروەها، هێرشەکانی ئەو رێکخراوە زیانێکی زۆری دارایی بە ژمارەیەک کۆمپانیا و ئاژانسی حکومەتی ئەمریکا گەیاندووە.
ئەو کەرتانەی رێکخراوەکە زۆرترین هێرشیان کردوونەتە سەر بریتین لە میدیا، گواستنەوەی دەریایی، گەشت، وزە، دارایی و پەیوەندییەکان لە ئەمریکا، ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوەی پڕۆگرامەکە بڵاویکردووەتەوە، رێکخراوەکە لە پشت ژمارەیەک هێرشی سایبەری و کامپەینی جیاواز بۆ دروستکردنی کاریگەری بووە لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020ی ئەمریکا.
تشرینی دووەمی 2021، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێکخراوەکەی بە بڕیاری 13848 تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی 2020. ئەوکات رێکخراوەکە ناوی ئەمنیەت بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ