جیهان
ئاسف رەزا مێرچنت، ئەو هاووڵاتییە پاکستانییەی تۆمەتبارە بە داڕشتنی پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ.
رووداو دیجیتاڵ
ئاسف رەزا مێرچنت، ئەو هاووڵاتییە پاکستانییەی تۆمەتبارە بە داڕشتنی پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا، لەبەردەم دادگەدا رایگەیاند، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە گوشار خراوەتە سەری بۆ کردنی ئەو کارە.
رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئاداری 2026 ئاسف رەزا مێرچنت لە کاتی دادگاییکردنیدا لە واشنتن گوتی، سوپای پاسداران ناچاریان کردووە کار بۆ تاران بکات و ئەویش بۆ پاراستنی خێزانەکەی لە تاران، رازی بووە بە داڕشتنی پلانی کوشتنی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، مێرچنت لە رێگەی وەرگێڕێکی زمانی ئۆردۆوە بە دادوەرەکەی راگەیاندووە: "خێزانەکەم لەژێر هەڕەشەدا بوون و ناچار بووم ئەمە بکەم، نەمویست بە ویستی خۆم کارێکی وا بکەم."
ئەو تۆمەتبارە ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکەی لەگەڵ سوپای پاسداران بۆ ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە و تاران داوای لێکردووە پلانێک بۆ رێکخستنی خۆپێشاندان، دزینی بەڵگەنامە، سپیکردنەوەی پارە و تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان دابڕێژێت. مێرچنت باسی لەوەش کرد کە ناوی دۆناڵد تڕەمپ، جۆ بایدن و نیکی هێڵی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن ئێرانییەکانەوە هێندراون.
ئەم دادگاییکردنە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە، کە بەهۆیانەوە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندبووم مێرچنت "پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئێران هەبووە" و پلانەکەشی رێک "لە کتێبی دەستووری رژێمی ئێرانەوە" وەرگیراوە بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس.
ئاسف رەزا مێرچنت، لە ئەیلوولی 2024دا دوای ئەوە دەستگیرکرا کە هەوڵیدابوو چەند کەسێک بۆ تیرۆرەکان بەکرێ بگرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو کەسانە بریکاری نهێنیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بوون. تائێستاش مێرچنت لەبەردەم دادگەدا خۆی بە بێتاوان دەزانێت و دەڵێت تەنیا بۆ پاراستنی هاوسەر و کچەکەی لەو کارە تێوەگلاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ