جیهان
هێلیکۆپتەرێکی هێزی دەریایی چین بە دیار دوورگەیەکی نزیک لە تایوان دەسووڕێتەوە. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەدوای 15 ساڵی پڕ لە مشتومڕ، دواجار گەیشتنە رێککەوتنێک سەبارەت بە پاراستنی دەریا و زەریاکان.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2023، رێنا لی، سەرۆکی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دەریاکان لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند: "کەشتییەکە گەیشتە کەناری ئارامی" کە مەبەست لێی رێککەوتنی وڵاتان بوو بۆ پاراستنی دەریا و زەریاکان.
هەرچەندە دەقی رێککەوتنەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن چالاکڤانانی کەشوهەواوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. ئەوان پێیان وایە بەم رێککەوتنە تاوەکو ساڵی 2030 دەتواندرێت 30٪ـی خاک و زەریاکانی جیهان بپارێزرێن.
رێنا لی گوتی، "هیچ دانوستاندنێک سەبارەت بەم بابەتە ناکرێتەوە". گوتیشی، ماوەیەکی دیکە رێککەوتنەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی گوتەبێژێکییەوە پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد و گوتی کە رێککەوتنەکە "سەرکەوتن بوو بۆ پێکەوەکارکردن و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی تەندروستیی زەریاکان دەبنەوە".
ئەم رێککەوتنە بۆ پاراستنی دەریای نزیک سنووری ئابووریی وڵاتان کراوە، بە جۆرێک 370 کیلۆمەتر دەریا لە خاڵی دەستپێکی سنووری ئابووریی وڵاتێکەوە دەگرێتەوە.
سیستمی ژینگەیی زەریاکان نزیکەی نیوەی ئەو ئۆکسجینە بەرهەمدەهێنن کە مرۆڤ هەڵیدەمژێت و لە رێگەی هەڵمژینی بڕێکی زۆری دوانۆکسیدی کاربۆنەوە، زەریاکان دەتوانن کاریگەرییەکانی گەرمبوونی زەوی کەمبکەنەوە، بەڵام زەریاکان خۆیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگە و راوکردنێکی لە رادەبەدەری گیانەوەرە ئاوییەکان هەڕەشەیان لەسەرە.
ئێستا، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 1٪ـی ئەو رووبەرە ئاوییانە دەپارێزرێن کە رێککەوتن لەسەر پاراستنیان کراوە. لەدوای جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، ناوچەی پارێزراوی دەریایی لە سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دروستدەکرێت. هاوکات، رێککەوتنەکە وڵاتان ناچاردەکات کار بۆ پاراستنی ئەو سنوورە ئاوییانە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ