وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پێشنیازێکمان بۆ ئێران ناردووە لە بەرژەوەندی خۆیانە قبووڵی بکەن

05-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی پێشنیازێکی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران داوەتە تاران. دەشڵێت، "لە بەرژەوەندی خۆیانە قبووڵی بکەن." 
 
رۆژی پێنجشەممە، پێنجی حوزەیرانی 2025، تۆمی پیگت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "راوێژکارێکی باڵا و ویتکۆڤ، نێردەی تایبەت پێشنیازێکی پڕ وردەکارییان ناردووە و هانی رژێمی ئێران دەدەین پەسندی بکەن. پەسندکردنی پێشنیازەکە لە باشترین بەرژەوەندییان دایە". 
 
دەشڵێت، "زۆر روون بووین هەرگیز رژێمی ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت". 
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "لە بەرژەوەندی نیشتمانی ئێمەدا نییە دانووستاندنی ئەو پرسانە لەبەردەم رای گشتی دا بکەین". جەختی لەوەش کردەوە، "هەمان ئەو شتە دووپاتدەکەمەوە لە سەرەتاوە گوتومانە و ناکرێت هەرگیز رژێمی ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت". 
 
ئیدارەی ترەمپ زۆرترین هەوڵ بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەدات. تاوەکو ئێستا هەردوولا پێنج گەڕی دانوستاندنیان لە رۆما و مەسقەت کردووە، دیاریش نییە کەی و لە کوێ گەڕی شەشەم دەکرێت. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، مەرجی ئەوان بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەوەیە چەکی ئەتۆمی و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان نەبێت. بەرپرسانی تارانیش رەتیدەکەنەوە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببن. 
 
دوێنێ، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم "100٪" دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیەتی. 
 
رۆژی 31ـی ئایاری 2025، راپۆرتێکی نهێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکرایەوە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، مایەی "نیگەرانی جیدییە" کە ئێران نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەرهەمهێنراوە. 
 
لە رووی زانستییەوە، لە ئەگەری بوونی کەرەستە و ئامێری پێویست یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ پێویستی بە نزیکەی یەک مانگە بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە 90٪؛ ئەمەش رێژەی پێویستە کە دەتواندرێت چەکی ئەتۆمی لێ دروستبکرێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە