بەنگلادیش؛ سەرۆکوەزیران هەڵات و سوپا حکومەتی کاتی پێکهێنا

05-08-2024
لهۆن نەسرەدین
وێنەیەکی پێشتری سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش
وێنەیەکی پێشتری سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خۆپیشاندانی خەڵک بۆ نان و ئازادی بە هەڵاتنی شێخ حەسینە کۆتاییهات.
 
ئەو هەموو هاتوهاواری پشتگیری و خۆشەویستییە، فریای شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش نەکەوت؛ دوای 15 ساڵ مانەوە لە لووتکەی دەسەڵات، ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە و خۆی کۆبکاتەوە و بەرەو هیندستان هەڵبێت.
 
وەکر زەمان، فەرماندەی سوپای بەنگلادیش رایگەیاند، "سەرۆکوەزیرانی رێزدار دەستی لەکارکێشایەوە، حکومەتێکی کاتی پێکدەهێنین و وڵات بەڕێوەدەبەین، دەبێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێندرێت".
 
لە تەمووزی ئەمساڵەوە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ دژ بە حکومەت دەستیپێکرد. خۆپێشاندەران دەڵێن، هەلی کار تەنیا بۆ کوڕە بەرپرس، ساماندار و دەستڕۆیشتووەکان رەخساوە. خاوەن بڕوانامەکان کە زۆرینە پێکدەهێنن، بێ پشت و پەنا لە شەقامەکاندا بە دوای پاروویەک ناندا دەگەڕێن.
 
لە وڵاتێک، 4 لە 10یان رۆژانە بە کەمتر لە 3 دۆلار دەژین. دەمکوتکردنیش لەولاوە بوەستێت.
 
مێگمالار بۆسو، خۆپیشاندەرە و دەڵێت، "بەبێ جیاوازی خەڵک دەکوژن، زیندانی دەکەن و ئەشکەنجە دەدەن. ئێمە داوای دادوەری دەکەین، ئەم وڵاتە بۆ دەوڵەمەندەکان بەهەشتە و بۆ ئێمەی هەژاریش دۆزەخ".
 
گرژییەکان زیادبوون و سوپا لە شەقامەکان بڵاوەیان پێکرا و فەرمانی تەقەکردنیان پێدرا. لە ماوەی کەمتر لە 40 رۆژ، سەرووی 300 کەس کوژران؛ هێزە ئەمنییەکانیش لەنێویاندان. هەزارانی دیکەش بریندار بوون. فەرمانی قەدەخەی هاتووچۆ شکێندرا و پچڕانی ئینتەرنێتیش دادی حکومەتی نەدا.
 
خۆپیشاندانە چەند سەت کەسییەکە بۆ نزیکەی نیو ملیۆن کەس زیادی کرد. داواکارییەکانیش لە هەلی کار و پاروویەک نانەوە بۆ خستنی حکومەت و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران گۆڕدران.
 
پولۆک، خۆپیشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "یەک داواکاریمان هەیە، دەستلەکارکێشانەوەی شێخ حەسینە. ئەو وا دەزانێت بە سوپاکەی دەتوانێت دەمکوتمان بکات، سەری دای لە بەرد، ئێمە ئاشتی، ئازادی و خۆشگوزەرانیمان دەوێت".
 
لە 2009وە بە هەرلایەکی دەککای پایتەختدا دەڕۆیشتیت، وێنەی حەسینەی 76 ساڵ و شێخ موجیبور رەحمانی باوکیت دەبینی کە دامەزرێنەری پارتی "رابیتە عەوامی" تەمەن 75 ساڵی فەرمانڕەوا و سەرکردەی بزووتنەوەی سەربەخۆیی بەنگلادیش لە 1971 و جیابوونەوەی لە پاکستان.
 
سەردەمی شێخ حەسینە هەنگاوی ئابووری گرنگ نران، بەرهەمی ناوخۆیی لە کەمتر لە 100 ملیار دۆلارەوە لە 2008 بۆ نزیکەی نیو ترلیۆن دۆلار لە 2023 بەرز بووەوە، بەڵام دابەشکردنی نایەکسانی سامان تا دەهات دەوڵەمەندەکانی دەوڵەمەندتر و برسییەکانیشی برسیتر دەکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە