رووداو دیجیتاڵ
سێشەممە بووە رۆژێکی مێژوویی لە ئەمریکا. نیویۆرک، پایتەختی سەرمایەداری، بە هەڵبژاردنی زۆهران مامدانی وەکو سەرۆک شارەوانی، سەرمایەداریی رێکنەخراو و ترس لە ئیسلامی رەتکردەوە. مامدانی کە پیاوێکی موسڵمانی سۆشیاڵستە، دوا هەڵمەتی هەڵبژاردن جەختی کردبووەوە لەسەر زیادکردنی دەستێوەردانی دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانیی ئابووری لە دەوڵەمەندترین شاری ئەمریکا.
زۆهران مامدانی، سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردراوی نیویۆرک رایگەیاند، "نیویۆرک، ئەم شەو ئێوە فەرمانێکتان دەرکرد تاوەکو گۆڕانکاری بکرێت. فەرمانێک بۆ جۆرە سیاسەتێکی نوێ. فەرمانێک بۆ هەبوونی شارێک بتوانین تیایدا بژین."
دوای سەرکەوتنە مێژووییەکەی، لایەنگرانی مامدانی بۆ خۆشی دەربڕین کۆبوونەوە، لەکاتێکدا گەنجە موسڵمانە دیموکراتەکە بەڵێنە گەورەکانی هەڵمەتەکەی، وەکو بەخۆڕاییکردنی دایەنگەی منداڵ و راگرتنی زیادکردنی کرێی خانووبەرە، دووپاتکردەوە.
سێڵستی وای، دانیشتووی نیویۆرک گوتی، "پێموایە چینی سەرمایەداریان رەتکردەوە، لەگەڵ گەورەبوونی نایەکسانیی ئابووری؛ نەک تەنیا لە ئەمریکا، بەڵکو لە تەواوی جیهان."
تەواوی رۆژی سێشەممە، بنکەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو قەرەباڵختر دیاربوون و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەنگیان دا. 50 ساڵ دەبێت هێندە نیویۆرکی نەچوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
هەندێک لە دەنگدەرانی نیویۆرک، قوورسبوونی گوزەرانی ژیان لە شارەکە بە هۆکاری بردنەوەی مامدانی دەبینن.
ماتیو هاریسن، میوزیکژەن دەڵێت، "سەرمایەداری تاڕادەیەکی زۆر بووەتە وشەیەکی پیس. خەڵک بێزارن لەوەی چۆن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و لە گەڕەکەکانیان وەدەریان دەنێت. کۆمپانیا گەورەکان پێکهاتەی کۆمەڵگەکەمان لەت و پەت دەکەن."
کەم شوێن هەن هێندەی نیویۆرک نایەکسانی تێیدا بە روونی دیاربێت. لە لایەک دەوڵەمەندەکان کە لە ئاسمان دەژین و لە لایەک ملیۆنەها کەس کە کرێی خانوویان پێنادرێت. لە نیویۆرک 40% داهاتی شار دەچێتە گیرفانی 1%ی دانیشتووانەوە، زیاتر لە نیوەی خەڵکی شارە 8 ملیۆن و نیویەکە لە هەژاریدا دەژین یاخود لە رۆخی هەژارین. لە هەر چوار منداڵێک یەکێکیان بە هەژاری گەورە دەبێت.
رۆن شوگەرمان، دانیشتووی نیویۆرک ئاماژەی بەوە کرد، "سەرکردەمان نەماوە. پێویستمان بە کەسانێکە بیر لە شتە گرنگەکان بکەنەوە. شتە گرنگەکانی وەکو پەروەردە، خۆراک، نیشتەجێبوون. ئێمە بۆ ئەوانە دەنگ دەدەین."
بەلای هەندێکەوە، بردنەوەی مامدانی زیاتر پەیوەندیی بە مان و نەمانەوە هەیە وەک لە سیاسەت.
دانیشتوویەکی دیکەی نیویۆرک بەناوی براندی ئاڵدوک، "رەخنەگران دەڵێن، کۆمۆنیستە یان دژی سەرمایەدارییە. بەڕاستی ئەوە بۆ من گرنگ نییە. ئەو باس لەو کێشانە دەکات کە بۆم گرنگن. دەمەوێت لەم شارە بمێنمەوە کە تێیدا گەورە بووم، خێزانێک لەگەڵ هاوسەرەکەم لێرە پێکبهێنم — و تاکە کەس کە بەڵێنی ئەوەی پێداوم زۆهرانە."
چەند مانگێک لەمەوبەر کەس مامدانیی نەدەناسی، سەری ساڵ ئەم کۆچبەرە موسڵمانە کە لە ئۆگەندا لەدایکبووە، دەبێتە بەهێزترین بەرپرسی گەورەترین شاری ئەمریکا، سەرەڕای دژایەتییەکی فراوانی دامەزراوەی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکە. روونترین پەیام لێرەدا ئەوەیە کە ئەمریکا هێشتا وڵاتی خەونەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ