رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نێتفلیکسی تایبەت بە فیلم و زنجیرە دەڵێ، رەزامەندی لەسەر کڕینی ستۆدیۆی فیلم و تەلەڤزیۆنیی وۆرنەر برۆس بە بەهای نزیکەی 83 ملیار دۆلار دەربڕیوە.
ئەم گرێبەستە رێگە بە نێتفلیکس دەدات دەستی بە ئەرشیفێکی فراوانی فیلم و زنجیرەی بەناوبانگ بگات. ئەم گرێبەستە، لەدوای کڕینی کۆمپانیای فۆکس لەلایەن دیزنییەوە لە ساڵی 2019 بە بڕی 71 ملیار دۆلار، گەورەترینی مێژووی سینەما و تەلەفزیۆنە.
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی نێتفلیکس و وۆرنەر برۆس، گرێبەستەکە نرخی هەر پشکێکی ستۆدیۆکەی بە 27.75 دۆلار دیاری کردووە کە کۆی گشتیی بەهای پشکەکانی دەکاتە نزیکەی 72 ملیار دۆلار و بەهای تەواوی کۆمپانیاکە، بە قەرزەکانیشەوە دەگاتە نزیکەی 82.7 ملیار دۆلار.
لە دەیان ساڵی رابردوودا وۆرنەر برۆس بەرهەمهێنەری چەندین فیلمی کلاسیکی وەک (کازابلانکا) و (سیتیزن کەین) بووە، لەگەڵ بەرهەمی نوێی بەناوبانگی وەک زنجیرەکانی (سۆپرانۆس)، (گەیم ئۆڤ سرۆنس) و فیلمەکانی (هاری پۆتەر).
تێد ساراندۆس، هاوسەرۆکی جێبەجێکاریی نێتفلیکس کە بەرهەمهێنەری زنجیرە جیهانییەکانی وەک (سترەینجەر سینگس) و (سکوید گەیم)ـە رایگەیاند: "پێکەوە دەتوانین زیاتر لەوەی بینەران حەزیان لێیەتی پێشکێشیان بکەین و لە پێناسەکردنەوەی سەدەی داهاتووی چیرۆک گێڕانەوە یارمەتیدەر بین."
دەیڤد زاسلاڤ، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی وۆرنەر برۆس گوتی: "راگەیاندنەکەی ئەمڕۆ دوو لە گەورەترین کۆمپانیاکان لە جیهاندا کۆدەکاتەوە."
گرێبەستەکە بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی هەردوو کۆمپانیا پەسندکراوە و چاوەڕوان دەکرێ لە 12 بۆ 18 مانگی داهاتوودا بە تەواوی جێبەجێ بکرێ.
کۆمپانیای نێتفلیکس تۆڕێکی گەورەی فیلم و زنجیرە درامایە و بارەگای سەرەکی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکایە. خزمەتگوزارییەکانی تۆڕەکە بەخۆڕایی نین و مانگانە پارە لە بەکارهێنەرانی وەردەگرێ کە بە 50 زمان بەردەستن. نێتفلیکس لە تەواوی جیهان کاردەکات جگە لە هەریەک لە چین، کۆریای باکوور، سووریا و رووسیا.
تۆڕەکە گەورەترین ژمارەی بەکارهێنەری هەیە کە دەگاتە زیاتر لە 301.6 ملیۆن کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ