رووداو دیجیتاڵ
وەک رەتکردنەوەیەک بۆ بەشداربوونی ئیسرائیل، چاوەڕوان دەکرێت 5 وڵات ساڵی داهاتوو یۆرۆڤیژن بایکۆت بکەن، کە گەورەترین پێشبڕکێی گۆرانیگوتنی جیهانە.
بەوەش، ژمارەی ئەو وڵاتانەی بەشدار دەبن، کەم دەبێتەوە بۆ نزیکەی 35 وڵات.
دەزگاکانی پەخشی تەلەڤیزیۆنیی هەریەک لە ئیسپانیا، ئایرلاند، هۆڵەندا و سلۆڤینیا رایانگەیاند، بەهۆی بڕیاری رۆژی پێنجشەممە بۆ رێگەدان بە بەشداریی ئیسرائیل، بایکۆتی یۆرۆڤیژن دەکەن، کە بە گەورەترین پێشبڕکێی میوزیکی راستەوخۆ لە جیهان دادەنرێت.
هەروەها ئایسلاندا رایگەیاندووە، تاوتوێی هەڵوێستی خۆی دەکات و لە 10ی کانوونی یەکەمدا بڕیاری کۆتایی دەدات.
ئەو وڵاتانەی بایکۆتی دەکەن، دەڵێن ئیسرائیل لە غەززە تاوانی جەنگ و جینۆسایدی کردووە و پێویستە لە بۆنە هونەرییەکە دووربخرێتەوە.
هاوکات گومانیش هەبوو لە دەستکاریکردنی سیستمی دەنگدان لە پێشبڕکێکەی پار لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل کە تێیدا دووەم بوو. ژمارەیەک وڵات، لەنێویاندا ئیسپانیا، بەلجیکا و فینلاند پێیانوابوو ژمارەی ئەو دەنگە زۆرانەی یوڤال رافایل، گۆرانیبێژی ئیسرائیلی بەدەستی هێنان، نائاساییە و گومانیان هەبوو کە دامودەزگەکانی ئیسرائیل بە هەڵمەتێکی نایاسایی، دەنگدانی خەڵکیان ساختە کردبێ، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئاستی گۆرانیبژەکە لە لایەن دادوەرانی پێشبڕکێکەوە و شارەزایانی ناوەندە هونەرییەکانەوە، رەخنەی زۆری لەسەر بوو.
ئەو وڵاتانە رەخنە لە شێوازی دەنگدانی خەڵک لە پێشبڕکێکەدا دەگرن، لەبەر ئەوەی هەر کەسێک دەتوانێ 20 جار لە رێگەی کورتەنامە، پەیوەندیی تەلەفۆنی، ئەپ و ماڵپەڕی یۆرۆڤیژنەوە دەنگ بدات.
مارتین گرین، بەڕێوەبەری یۆرۆڤیژن بە میدیای سوێدی راگەیاند، "پێشبینی دەکەین نزیکەی 35 وڵات لە کێبڕکێی مانگی ئایاری 2026ـدا بەشداربن."
گرین ئاماژەی بەوەش کرد، "نزیکەی پێنج" وڵات بە پەرۆشی و هەستێکی زۆرەوە پێیان وایە نابێ رێگە بە بەشداریی ئیسرائیل بدرێت.
مارتین گرین گوتی، "بە هیواین ئەو چەند کەناڵەی هەست دەکەن ساڵی داهاتوو ناتوانن ئامادە بن، لە ساڵی 2027 بگەڕێنەوە لامان."
گرین گوتی، دەبێت رووداوەکە دوور بێت لە سیاسەت و وەبیريهێنایەوە، "ئەوە حکومەتەکان نین بەشداری یۆرۆڤیژن دەکەن، بەڵکو دەزگاکانی خزمەتگوزاریی گشتیی میدیایی و هونەرمەندانن."
بەڕێوەبەری یۆرۆڤیژن دەڵێت، لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەدا، ئەندامانی یەکێتیی پەخشی ئەورووپی گفتوگۆیەکی "تەواو، راشکاوانە، دڵسۆزانە و تا رادەیەک کاریگەریان" هەبووە، ئەوەی لەسەری کۆک بوون ئەوە بووە کە "پێشبڕکێی گۆرانیی یۆرۆڤیژن نابێ وەک شانۆیەکی سیاسی بەکاربهێنرێت."
گوتیشی، "دەبێت یۆرۆڤیژن جۆرێک لە بێلایەنیی خۆی بپارێزێت."
ئەو وڵاتانەی پێشتر بەهۆی ململانێی سیاسی لە یۆرۆڤیژن دوورخراونەتەوە:
- ساڵی 2022 رووسیا بەهۆی هێرشکردنە سەر ئۆکراینا لە یۆرۆڤیژن دوورخرایەوە، بەو پاساوەی کە بەشداریکردنی "زیان بە ناوبانگی پێشبڕکێکە دەگەیێنێت."
- ساڵی 2021 بێلارووس لە پێشبڕکێ هونەرییەکە دوورخرایەوە، بە پاساوی ئەوەی، نێوەڕۆکی بەرهەمەکانی سیاسی بووە.
- ساڵی 2009 جۆرجیا لە یۆرۆڤیژن کرایە دەرەوە، لەبەر ئەوەی ناونیشانی ئەو گۆرانییەی پێی بەشدار بوو (We Don't Wanna Put In)بە سیاسی و دژی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لێکدرایەوە.
- ساڵی 2005 لوبنان لە یۆرۆڤیژن کشایەوە، لەبەر ئەوەی یاسای وڵاتەکە قەدەخەی دەکرد میدیای لوبنانی هیچ چالاکییەک بگوازێتەوە کە ئیسرائیل تێیدا بەشدار بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ