جیهان
سەربازانی سوپای بۆرکینا فاسۆ لە کاتی گەڕانێکدا لە ناوچەی گۆرۆم گۆرۆم. وێنە: AFP / Issouf SANOGO
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەیەکی بۆرکینا فاسۆ لە رۆژئاوای ئەفریقیا، هێرشێكی چەکداری لانیکەم 138 کوژراوی لێکەوتەوە و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکە شەوی رابردوو لەلایەن چەند چەکدارێکی پەرگیڕی ئیسلامییەوە لە شارۆچکەی سولهان لە باکووری بورکینافاسۆ روویداوە.
بێڕنارد کیودراگۆ، کتێبفرۆشێکی دانیشتووی کواگادوگوی پایتەختە دەڵێت: "کاتێك کە هەواڵی کوشتنی خەڵکت پێدەگات خەمبار دەبیت، چونکە هەرچۆنێک بێت ئەوە گیانی مرۆڤە. ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بەم هێرشانە بهێندرێت بەڕاستی ئیدی هیلاک بووین".
هێرشەکە سەرەتا بۆ سەر پێگەیەکی سوپادا کراوە و پاشان دەستکراوە بە تەقەکردنی هەڕەمەکی بەناو خەڵکدا، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 138 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بریندارن.
سیاکا کۆلیبالی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "ئەوەی کە دوێنێ شەو روویدا گەورەترین کۆمەڵکوژی بوو لە مێژووی وڵاتەکەمان؛ مەبەستم لە ساڵی 2015وە کە هێرشە تیرۆریستییەکان لە وڵاتەکەمان دەستیانپێکرد،ئەمە یەکەمجارە لە یەک هێرشی چەکداریدا هێندە خەڵکی سیڤیل بکوژرێت".
هێرشە چەکدارییەکان لە بۆرکینا فاسۆ لە ساڵی 2015وە بە چڕی دەستیان پێکردووە و بەشی زۆریان لەلایەن قاعیدە و داعش کراون.
لە کۆی زیاتر لە 20 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە، زیاتر لە ملیۆنێك کەس بەهۆی هێرشە چەکدارییەکانەوە ئاوارە بوون. حکومەتیش لەڕووی توانای سەربازی و هەروەها هەواڵگریی ئەمنییەوە، پێناچێت توانای رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ