رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێگەی نەداوە شاندە دانوستاندنکارەکەی بچنە پاکستان بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران و دەڵێت: "پێویست ناکات 18 کاژێر بە فڕۆکە بڕۆن بۆ ئەوەی لەوێ دابنیشن و باسی هیچ نەکەن."
رۆژی شەممە، 25ـی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا،لە کۆشکی سپی بە فۆکس نیوزی راگەیاند، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکان، ئیتر بەرەو پاکستان بەڕێناکەون بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا لەم ململانێیەدا "هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە"، بۆیە پێویست ناکات شاندەکەی ئەو گەشتە دوورودرێژە بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "کەمێک پێش ئێستا بە شاندەکەی خۆمم گوت کە خەریکی خۆئامادەکردن بوون بۆ رۆیشتن؛ گوتم ئێوە گەشتێکی 18 کاژێری ناکەن بۆ ئەوێ. هەموو کارتەکان لای ئێمەن."
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانییەکان دەتوانن لە هەر کاتێکدا بییانەوێت پەیوەندی بە ئەمریکاوە بکەن، بەڵام ئەو ئامادە نییە شاندەکەی بنێرێت بۆ گفتوگۆیەک کە بە بێسوودی دەبینێت. ترەمپ گوتیشی: "ئێوە ئیتر گەشتی 18 کاژێری ناکەن بۆ ئەوەی لەوێ دابنیشن و باسی هیچ نەکەن."
ئەمڕۆ شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆبووەوە، ئیسلامئابادی جێهێشت و بەرەو عومان بەڕێکەوت.
ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان لە پاکستان بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی ئەتۆمی بە بنبەست گەیشت.
ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی تووندی خستووەتە سەر ئێران و تاران دەڵێت: تاوەکو گەمارۆکان هەڵنەگیرێن، ناگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆی راستەوخۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ