قەیرانی سووتەمەنی بەرۆکی ئەڵمانیای گرتووە و بەهۆیەوە 20 هەزار گەشت هەڵوەشێندراونەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
قەیرانی سووتەمەنی بەرۆکی ئەڵمانیای گرتووە
قەیرانی سووتەمەنی بەرۆکی ئەڵمانیای گرتووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەڕ و گەمارۆ دەریاییەکانی کەنداو، تەنیا لە سنوورە جوگرافییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا قەتیس نەمانەوە، بەڵکو شەپۆلەکانی گەیشتنە ئاسمانی ئەڵمانیا و کەرتی فڕۆکەوانیی ئەم وڵاتەیان رووبەڕووی قەیرانێکی ستراتیژی کردووەتەوە.

ئەڵمانیا ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 9 ملیۆن تۆن سووتەمەنی فڕۆکە هەیە، بەڵام بەرهەمهێنانی ناوخۆیی تەنیا بەشێکی کەمی ئەم خواستە پڕ دەکاتەوە. گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و داخرانی رێڕەوە ئاوییەکان، بووەتە هۆی پەککەوتنی گەیشتنی سووتەمەنی، چونکە یەک لەسەر سێی هاوردەی سووتەمەنی فڕۆکە لە ئەڵمانیا لە وڵاتانی کەنداوەوە دابین دەکرێت.
 
ئەم کورتهێنانە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر گەشتیاران دروست کردووە. گەورەترین هێڵی ئاسمانیی ئەڵمانیا بەهۆی کەمیی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، ناچار بووە نزیکەی 20 هەزار گەشت تاوەکو پاییزی ئەم ساڵ هەڵبوەشێنێتەوە.
 
ڤانێسا مویلەر، دایکی پێنج منداڵە و یەکێکە لەو هەزاران کەسەی بەهۆی گرانیی تکتەوە پلانی گەشتەکەی گۆڕیوە، بە رووداوی گوتی: "ئێمە حەوت کەسین، ئەگەر بمانەوێت گەشت بۆ نایجیریا بکەین، تەنیا تیکتەکان 14 بۆ 15 هەزار یۆرۆمان دەوێت. بۆ خێزانێکی ئاسایی، ئەمە خەونە و ناتوانین بیری لێ بکەینەوە، بۆیە بڕیارمان داوە ئەم ساڵ لە ماڵەوە بمێنینەوە."
 
حکومەتی ئەڵمانیا ئێستا لە هەوڵدایە لەبری پشتبەستنی تەواو بە کەنداو، سەرچاوەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ئەمریکا و نایجیریا هەمەجۆر بکات. دکتۆر کرستیان یونتەرڕیزەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە باجەکان کەم بکرێنەوە و دەڵێت: "گرنگە بۆ ماوەی درێژخایەن سەربەخۆ بین و تەنیا پشت بە یەک وڵات نەبەستین، دەبێت وزەی ناوخۆیی پەرە پێ بدەین بۆ ئەوەی پێویستمان بە دەرەوە کەمتر بێت."
 
کۆمەڵەی فڕۆکەوانیی ئەڵمانیا (BDL) هۆشداری دەدات کە ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانی لە دوای سەردەمی پاندەمیی کۆرۆنا. کۆمەڵەکە داوا دەکات بە شێوەیەکی کاتی باجی گواستنەوەی ئاسمانی رابگیرێت بۆ ئەوەی هێڵە ئاسمانییەکان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و زنجیرەی دابینکردن نەپچڕێت.
 
ئامارەکان مەترسیدارن؛ حەوت وڵاتی باشووری کەنداو 40٪ی سووتەمەنی فڕۆکەی هەموو ئەورووپا دابین دەکەن. بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز، نرخی یەک تۆن سووتەمەنی فڕۆکە لە ئەورووپا، لە 800 دۆلارەوە بۆ سەرووی هەزار و 800 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش وای کردووە فڕین لە ئاسمانی ئەورووپا، لە هەموو کاتێک گرانتر بکەوێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو پۆلیسی ئەڵمانی لە ئەرکێکدان. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: Christoph Reichwein/AP

پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەڵمانیا بۆ رووداو: لیستی سەدان ناوی چەکدارانی داعشمان بەدەستگەیشتووە

نووسینگەی پۆلیسی فیدراڵیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەڵمانیا (BKA) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیستی ناوی سەتان ئەندامی گومانلێکراوی رێکخراوی داعشیان بەدەستگەیشتووە و ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی چەندین کەس لە ئەڵمانیا و ئەورووپا