رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دیاسپۆرا و رووبەڕووبوونەوەی دژەجوو لە حکومەتی ئیسرائیل داوا دەکات جووەکان شاری نیویۆرک جێبهێڵن، ئەمەش دوای ئەوەی زۆهران مامدانیی دیموکرات بووە سەرۆکشارەوانیی شارەکە. ئەو وەزیرە دەڵێت، مامدانی "پاڵپشتیکاری حەماسە".
دوای ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانی نیویۆرک بەڕێوەچوو و مامدانی تەمەن 34 ساڵ زۆرینەی دەنگەکانی بردەوە، کە لە دایک و باوکێکی هیندی لە ئۆگەندا لە دایکبووە و موسڵمانێکی شیعەیە. بڕیارە کانوونی دووەمی داهاتوو لە پۆستەکەی دەستبەکار بێت.
مامدانی چەند جارێک پاڵپشتی خۆی بۆ پرسی فەلەستین دەربڕیوە. لەم دواییانەشدا دژایەتی خۆی بۆ دژەجوو و ئیسلامۆفۆبیا پیشانداوە.
ئەمیچی چیکلی، وەزیری دیاسپۆرا و رووبەڕووبوونەوەی دژەجوو لە حکومەتی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "شارەکە کە رۆژانێک سیمبولی ئازادی بووە کەوتووەتە دەستی پاڵپشتیکارێکی حەماس".
ئەو وەزیرە ئیسرائیلیە دەشڵێت، "نیویۆرک هەرگیز وەکو خۆی لێنایەتەوە تەنانەت بۆ کۆمەڵگەی جووەکانیش، بۆیە داوایان لێ دەکەم بە جدی بیر لەوە بکەنەوە کە ئیسرائیل بکەنە نیشتمانی خۆیان".
مامدانی چەندجارێک وشەی "جینۆساید"ی بۆ پرسی غەززە بەکارهێناوە.
ئیتەمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لەبارەی بردنەوەی مامدانییەوە رایگەیاند، "دژەجوویی سەرکەوت و ئەو پاڵپشتیکاری حەماس و دووژمنی ئیسرائیلە."
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، سەرکردە لە پارتی بەیتەنو یسرائیل هاوکیش لە ئێکس بڵاویکردەوە، "نیویۆرک سەرۆکشارەوانییەکی جیاکار، پۆپۆلیست و ئیسلامییەکی شیعەی هەڵبژاردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ