رووداو دیجیتاڵ
ناڕەزایەتی جۆرجییەکان لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیان لە شاری تەبلیسی پایتەخت بەردەوامە، ئەوان تووڕەن، بە یاریی ئاگرین و بەرد رووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە. پۆلیسیش بە گازی فرمێسکڕێژ و پرژاندنی ئاو بەسەریاندا، وەڵامیان دەداتەوە.
ئەو خۆپێشاندەرانە تووڕەن لە هەڵپەساردنی گفتوگۆکانی حکومەتی وڵاتەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە ببێتە ئەندام لە یەکێتییەکە. بەگوێرەی چەند راپرسییەکی میدیای وڵاتەکە، نزیکەی 80٪ی هاووڵاتییان پاڵپشتیی بە ئەندام بوونەکە دەکەن.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی پارتی خەونەکان لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵەوە، خۆپێشاندان و ئاڵۆزی لە تبلیسی نەبڕاوە، بەشێک لە خۆپێشاندەران و رەخنەگران پارتەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەسەڵاتێکی سەرکوتکارە و دەیەوێت وڵاتەکە زیاتر بەرەو باوەشی رووسیا بگەڕێنێتەوە.
جگە لە تبلیسی، لە چەندین ناوچەی دیکەش خۆپێشاندان هەبووە.
گیۆرگی، قوتابییە و خۆپێشاندان دەکات، دەڵێت: "پێویستە بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین کاتێک هێرش دەکەنە سەرمان. ئێمە لاوازین، بەڵام کەس ناتوانێت ئەم خەڵکە و ئێمە بوەستێنێت."
ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی تەبلیسی ترسیان هەیە هەنگاوی لەو شێوەیە دووچاری هەمان چارەنووسی ئۆکراینایان لەگەڵ رووسیا بکاتەوە، بۆیە ئەو ئامانجەیان، تاوەکو 2028 سڕکردووە.
دەیڤد یەکێکی دیکەیە لە خۆپێشاندەران، ئەو دەڵێت، "چی دیکە بێدەنگی بژاردەیەک نییە. پێویستە کارێک بکەین و خەڵک یارییە ئاگرینەکان بەکاردەهێنێت. بێگومان ئەمە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و شکاندنی پەنجەرەکانی پەرلەمان، بەڵام هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە."
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی جۆرجیا، بە هۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس 140 کەس بریندار بوون. سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش هەڕەشە دەکات.
ئیراکلی کۆباخیدزێ، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا رایگەیاند، "روونە ئەو کارە تێکدەرانە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنێکی تووندڕۆوە دەکرێن. راگەیێندراویان سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی تووندوتیژی لە نزیک پەرلەمان هەبووە. با بیری هەمووان بهێنمەوە، کەس لە بەرپرسیاریەتی رزگاری نابێت و سیاسییەکانیش ناتوانن خۆیان بشارنەوە."
زیاتر لە هەفتەیەکە خۆپێشاندانەکانی جۆرجیا دەستیان پێکردووە و فراوانتر دەبن. تاوەکو ئێستا 330 کەس بە تۆمەتی دەستهەبوون لە رێکخستنی خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراون، لەوانە هەشتیان سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن و رێکخەری خۆپێشاندانەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ