رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی نزیک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) بە پێگەی بلوومبێرگی ئەمریکیی راگەیاندووە، لەبەرئەوەی سوپای سووریا بەردەوامە لە پاشەکشە و بەجێهشتنی سەنگەرەکانی، مۆسکۆ بەنیاز نییە ئەسەد رزگاربکات. باڵیۆزخانەی رووسیا لە دیمەشق داوای لە هاووڵاتیانی کرد، تاوەکو گەشتە ئاسمانییەکان نەوەستاون، زوو سووریا جێبهێڵن.
گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، گەیشتوونەتە دەروازەی پارێزگای حومس، کە گەورەترین پارێزگای وڵاتەکەیە و گرنگیی ستراتیژیی هەیە.
ئەسەد زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستیی بە یارمەتیی رووسیا و ئێرانە، بەڵام بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانییە، پێچەوانەی ساڵی 2015، ئەگەرێکی لاوازە.
ئەم جارە سەرنجی تاران لەسەر جەنگەکانی غەززە و لوبنان و سەرنجی مۆسکۆش لەسەر جەنگی ئۆکراینایە.
تاوەکو ئێستا، رووسیا بەشێوەیەکی سنووردار هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان، بەڵام نەبوونەتە هۆی وەستاندنی پێشڕەویی ئەو گرووپانە، لە کاتێکدا نێوەڕاستی شارەکانی حەلەب و حەمایان کۆنترۆڵکردووە و لە حومس نزیکبوونەتەوە.
ئێرانیش بەڵێنی ناردنی سەربازی بە سووریا داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا بەڵێنە.
دوای ئەوەی کە رۆژی پێنجشەممە حەمایان گرت، گرووپە چەکدارەکان ئێستا چەند کیلۆمەترێکیان ماوە بگەنە حومس، کە دوایین شاری گەورەی سەر رێگەی دیمەشقی پایتەختە.
بە کۆنترۆڵکردنی حومس، دیمەشق لە پارێزگاکانی تەرتووس و لازقیە لە رۆژئاوای سووریا دادەبڕێت کە مەڵبەندی عەلەوییەکانە، بەشار ئەسەدیش سەر بە هەمان پێکهاتەیە.
هەروەها لازقییە شوێنی بەندەری سەربازیی حمێمیمی رووسیایە. ئەگەر هەر کامەیان کۆنترۆڵ بکرێن، دەرفەتی ئەسەد بۆ مانەوە لە دەسەڵات کەمتر دەبێتەوە.
وێڕای ئەوەی 9 ساڵ لەمەوبەر، ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا رێڕەوی جەنگی نێوخۆی سووریای لە بەرژەوەندیی ئەسەددا گۆڕی، ئەمجارە لە بەرامبەر پێشڕەویی گرووپە چەکدارەکان، بێدەنگ بووە.
مۆسکۆ لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە بە شێوەیەکی سنووردار هێرشی کردووەتە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان، بەڵام لە کرێملینەوە هیچ بڕیارێک بۆ ناردنی هێزی زیاتر یان پشتیوانیی زیاتر بۆ دیمەشق نەدراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە رووسیا لە ساڵی سێیەمی جەنگی دژی ئۆکراینادایە.
ئیدی مۆسکۆش پێیوایە دۆخی دیمەشق سەلامەت نییە. رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی رووسیا داوای لە هاووڵاتییانی کرد تاوەکو گەشتە ئاسمانییەکان نەوەستاون، سووریا جێبهێڵن.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێزی ئێرانی شان بە شانی سوپای سووریا لە حومس و ناوچەکانی دیکەی سووریان، واتە پێش دەستپێکردنی ئەم هێرشە لەوێ بوون.
رۆژی هەینی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا عێراقی و سوورییەکانی، گوتی: "سووریا پێویستی بە هەر شتێک بێت یان داوای بکات، پشتیوانی لێ دەکەین،" بەڵام وردەکاریی زیاتری نەدا، لە کاتێکدا پێشتر بەڵێنیدابوو بیر لە ناردنی هێز بۆ سووریا بکاتەوە.
واتە دیار نییە تاران تا چ رادەیەک فریای ئەسەد دەکەوێت، لە کاتێکدا سووریا بە یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی بەرەی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی" دادەنرێت.
لەو بارەیەوە بلوومبێرگ نووسیویەتی: "رەنگە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران گەورەترین هیوای ئەسەد بن بۆ ئەوەی لەسەر زەوی فریای سوپا پەشۆکاوەکەی بکەون. بەڵام بەهێزترینی ئەو میلیشیایانە، کە حیزبوڵڵای لوبنانییە، بەهۆی هێرشی گەورەی ئیسرائیل لاوازبووە و هەفتەی رابردوو بە ئاگربەست رازیبوو. ئەوەش وادەکات سووریا رووبکاتە سنووری رۆژهەڵاتی خۆی و چاوی لە پشتیوانیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بێت."
گریگۆری بروو، شرۆڤەکاری پەیمانگەی Eurasia Group، دەڵێت: "ئێران میلیشیای گەورە و باش ئامادەکراوی لە عێراق هەیە کە پێشتریش بۆ پشتیوانیکردنی ئەسەد جووڵەیان پێ کراوە."
بەڵام پێدەچێت، ئەمجارە ئەوانیش نەتوانن وەک جاران دەستکراوە بن، چونکە حکومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی نەچێتە نێو جەنگەکە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت، عێراق دەستوەردانی سەربازی لە نێوخۆی سووریادا ناکات.
ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام رۆژی پێنجشەممە، داوای لە محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، رێگە بە حەشدی شەعبی نەدات دەستوەردان لە سووریا بکەن.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بە هەمان شێوە، داوای لە حکومەتی عێراق کرد، بەغدا نەخاتە نێو ململانێی سووریا.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش، بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێسی ئەمریکی، ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقی چوونەتە سووریا بۆ ئەوەی پشتیوانی لە سوپای ئەو وڵاتە بکەن.
ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێزی زیاتر دەنێرێتە بەرزاییەکانی گۆلان کە ناوچەیەکی سووریایە بەڵام ئیسرائیل داگیریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ