رووداو دیجیتال
رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە خۆکوژییەی گرتە ئەستۆ کە رۆژی هەینی مزگەوتێکی شیعەکانی لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان کردە ئامانج. بەپێی دوایین ئامارەکان، لانیکەم 31 کەس کوژراون و 169 کەسی دیکەش بریندارن، ئەمە بە کوشندەترین هێرش دادەنرێت لە پایتەختی ئەو وڵاتە لە دوای ساڵی 2008ـەوە.
رێکخراوی داعش لە رێگەی گرووپی هەواڵگریی (SITE)ـەوە رایگەیاند، یەکێک لە چەکدارەکانیان بە ناوی (جەماعەت) هێرشەکەی کردووە و پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی لە ناو خەڵکدا تەقاندووەتەوە.
محەممەد کازم، نوێژخوێنێکی تەمەن 52 ساڵ کە لە کاتی تەقینەوەکەدا لە ناو مزگەوتی (ئیمام بارگا قەسرولخەدیجە کوبرا) بووە گوتی: "لە کاتی کڕنوشی یەکەمی نوێژدا بووین، سەرەتا دەنگی تەقەمان بیست، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز روویدا."
عیمران مەحموود، شایەتحاڵێکی دیکە، ئاماژەی بەوە کرد، شەڕەتەقە لە نێوان خۆکوژەکە و پاسەوانە خۆبەخشەکانی مزگەوتەکە روویداوە؛ یەکێک لە پاسەوانەکان فیشەکی ناوە بە ڕانی خۆکوژەکەوە، ئەویش بەر لەوەی دەستگیر بکرێت، خۆی تەقاندووەتەوە.
لە نەخۆشخانەی پەیمانگەی زانستە پزیشکییەکانی پاکستان (PIMS)، دیمەنی دڵتەزێن بینراون. لە ناو مزگەوتەکەشدا، بەرماڵە سوورەکان بە خوێن و شووشەی شکاو و پارچە جەستەی قوربانییان داپۆشرابوون.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بەڵێنی دا، بکەرانی ئەم تاوانە بدۆزرێنەوە و رادەستی دادگە بکرێن.
ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران هێرشەکەی بە "تاوانێکی قێزەون دژی مرۆڤایەتی" وەسف کرد. هەروەها ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەرێگەی گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند، هێرشکردنە سەر سڤیلەکان و شوێنە ئایینییەکان "قبووڵنەکراوە."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە چەندین بەرەوە لە شەڕدان؛ لە باشوور دژی جوداخوازە بەلووچەکان و لە باکوور دژی تاڵیبانی پاکستان و داعش. حکومەتی ئیسلامئاباد کابول تۆمەتبار دەکات بەوەی بووەتە پەناگە بۆ ئەم گرووپانە، بەڵام حکومەتی ئەفغانستان ئەمە رەتدەکاتەوە.
لە تشرینی دووەمی 2025، تەقینەوەیەکی دیکە لە ئیسلامئاباد روویدا و 12 کوژراوی لێکەوتەوە، بەڵام هێرشەکەی دوێنێ هەینی بە گەورەترین تەقینەوە دادەنرێت لە دوای تەقینەوەی هۆتێل ماریۆت لە ساڵی 2008 کە تێیدا 60 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ