ترەمپ: دەکرێت سبەی تەواوی ئێران لەنێو ببەین

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری جەنگ، سوپاسالار و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنێکی مێژووییان بۆ رزگارکردنی دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی لەناو جەرگەی خاکی ئێران راگەیاند. دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی توانای هەیە لە یەک شەودا کۆتایی بە هەموو شتێک لە ئێران بهێنێت.
 
رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دان کەین، سوپاسالار، پیت هیگسەس، وەزیری جەنگ و جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە پڕ مەترسییەیان خستەڕوو، کە بۆ گەڕاندنەوەی فڕۆکەوانەکان ئەنجامدرا.
 
تڕەمپ: هیچ ئەمریکییەک لە دواوە جێناهێڵین
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فڕۆکەوانەکانیان لە ئێران گوتی: "درەنگانی شەوی پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی ئێف-15ی ئێمە لە قووڵایی خاکی ئێران کەوتە خوارەوە. بڕیارێکی قورس و پڕ مەترسی بوو، چونکە رەنگە لەبری یەک یان دوو کەس، 100 کوژراومان هەبووایە، بەڵام لە سوپای ئەمریکادا ئێمە هیچ ئەمریکییەک لە دواوە جێناهێڵین."
 
ترەمپ ئاشکرای کرد کە 170 هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی سەربازییان لە رزگارکردنی فڕۆکەوانەکاندا بەکارهێناوە، کە 21یان لە بەرزاییەکی زۆر نزم و لە ژێر تەقەی قورسی دوژمندا بۆ ماوەی حەوت کاژێر بە رۆژی رووناک بەسەر ئاسمانی ئێرانەوە بوون تاوەکو فڕۆکەوانەکان رزگار بکەن. گوتیشی: "هێلیکۆپتەرێکمان هەیە کە فیشەکێکی زۆری پێ کەوتووە، بەڵام خۆشبەختانە کەس بریندار نەبوو."
 
هیگسەس: ئۆپەراسیۆنەکە سوپای ئێرانی شەرمەزار کرد
 
پیت هیگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تیشکی خستە سەر قارەمانێتی فڕۆکەوانەکان و گوتی: "یەکێکیان زیاتر لە رۆژێک لە ناو شاخە سەختەکاندا خۆی لە دەستگیرکردن پاراست. کاتێک ئامێری پەیوەندییەکەی کارا کرد، یەکەم پەیامی ئەوە بوو کە 'خودا باشە'."
 
وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوە کرد، کە بۆ ماوەی 45 کاژێر و 56 خولەک هێڵی پەیوەندی و ژووری پلاندانان بە کراوەیی مابووەوە تاوەکو فڕۆکەوانەکان گەڕێنرانەوە. هیگسەس دەڵێت: "ئەمڕۆ سوپای ئێران شەرمەزار و سووک کراوە، چونکە ئێمە حەوت کاژێر بە رۆژ و حەوت کاژێر بە شەو لە ئاسمانی ئەواندا بووین و هیچیان پێ نەکرا. ئەمڕۆ گەورەترین قەبارەی هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران دەبێت و بەیانیش زیاتر دەبێت."
 
دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا: هەڵمەتێکی چەواشەکاریی ئەنجامدا
 
جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا لەبارەی رۆڵی هەواڵگری لەم سەرکەوتنەدا گوتی: "سەرەڕای هێزە تەکنیکییەکان، دەزگاکەمان هەڵمەتێکی هەڵخەڵەتاندنی گەورەی ئەنجامدا بۆ سەرلێشێواندنی ئێرانییەکان، کە بە بێئومێدییەوە بەدوای فڕۆکەوانەکەماندا دەگەڕان. ئێمە وامان لێ کردن لە شوێنی هەڵە بگەڕێن تاوەکو تیمەکانمان کارەکەیان تەواو کرد."
 
سەرۆکی ئەمریکاش لەلایەکی دیکەوە هۆشدارییەکی تووندی دایە ئەو کەسانەی زانیاریی نهێنییان دزەپێکردووەو گوتی: "ئەو دزەپێکەرە کەسێکی نەخۆشە و ئاسایشی نیشتمانیی خستە مەترسییەوە، دەبێت بیدۆزینەوە و رەوانەی زیندانی بکەین."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئەو دزەپێکەرە ژیانی فڕۆکەوانەکانی خستبووە مەترسییەوە و نابێت ریگە بە بەردەوامی ئەو جۆرە کارانە بدەن. 
 
هەڕەشەی سڕینەوەی ئێران لە یەک شەودا
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی توورەیی داستانئاسادا بە ئاستێک سەرکەوتووین، کە پێشتر کەس نەیبینیوە. تەواوی وڵاتی ئێران دەکرێت لە یەک شەودا لەناو ببەین، ئەو شەوە رەنگە سبەی شەو بێت." جەختیشی کردەوە کە رژێمی نوێی ئێران دەبێت ژیر بێت و رێککەوتن بکات، ئەگەرنا دۆزەخیان بەسەردا دەبارێنێت.
 
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان، ئەو پێشتر رایگەیاندبوو، کە ئەگەر تاوەکو رۆژی سێشەممە بەکاتی ئەمریکا (رۆژی چوارشەممە بە کاتی هەولێر) بەرپرسانی ئێران بە رێککەوتن رازینەبن، ئەوا ژێرخانی کارەبا و پردەکان و ژێرخانەکانی دیکەشیان بە ئامانج دەگرن. 
 
ترەمپ: ئێرانییەکان ئامادەن لە پێناو ئازادیدا ئازار بچێژن
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە گەلی ئێران دژی "رژێمەکەی تاران" راپەڕن و جەختی کردەوە کە دەرەنجامی کارێکی وەها "مەزن" دەبێت. دەشڵێت، ئێرانییەکان ئامادەن باجی قورس بدەن بۆ ئەوەی لە دەست حکومەتی وڵاتەکەیان رزگاریان بێت و ئازادییان بەدەست بهێنن.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی ئەگەر گەلی ئێران دژی دەسەڵات بوەستنەوە، ترەمپ گوتی: "دەبێت ئەمە بکەن، چونکە دەرەنجامەکان زۆر باش دەبن." هەروەها بەرگری لە پلانە سەربازییەکانی کرد و دەڵێت: "هەموو شتێک لەلایەن ئێمەوە بە وردی بیری لێ کراوەتەوە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێکەوتەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان لە ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی ئێران "ئامادەن ئازار بچێژن تاوەکو ئازادییان هەبێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە لە رێگەی چاودێریکردنی پەیوەندییەکانەوە چەندین زانیارییان پێگەیشتووە، کە نیشانی دەدەن خەڵکی ئێران داوای وەشاندنی گورزی زیاتر لە حکومەتەکەیان دەکەن.
 
ئەمڕۆ و پێش ئەو کۆنگرە رۆژنامەڤانیە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چەکیان بۆ یارمەتیدانی خۆپێشاندەرانی ئێران ناردووە، بەڵام گرووپێک ئەو چەکانەی هەڵگرتووە. گوتیشی، ئەو لەو گرووپە نیگەرانە و دەبێت "باجێکی قوورس بدەن". 
 
دۆناڵد ترەمپ بۆ رووداو: پێم باشە کورد نەچێتە نێو جەنگەکەوە
 
دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند: پێم باشە کورد نەچێتە نێو جەنگەکەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەدیاریکراوی گوتی: پێم باشترە ئەوان دوور بکەونەوە. پێم باشترە دوور بکەونەوە چونکە پێم وایە هەندێک کێشە و سەختی لەگەڵ خۆیان دەهێنن. پێشم وانییە مردن لەگەڵ خۆیان بهێنن، مەبەستم بۆ خۆیانە. بەڵام پێم باشترە ئەوان هەر دوور بکەونەوە.
 
هەروەها لە وەڵامێکی دیکەدا بۆ رۆژنامەڤانێک بە گەشبینییەوە باسی لە پەیوەندییەکان کرد و گوتی: "پەیوەندیی دێرینمان لەگەڵ کورد هەیە".
 
ترەمپ: دەبێت هاتووچۆی ئازادی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا بەشێک بێت لە هەر رێککەوتنێک
 
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیەکەدا سەبارەت بە تەنگەی هورمز گوتی، پێی باشترە ویلایەتە یەکگرتووەکان رسوومات لەو کەشتییانە وەربگرێت، کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، چونکە وەک خۆی دەڵێت "ئێمە براوەین". دەشڵێت، هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەبێت گەرەنتی هاتووچۆی ئازادی نەوت بکات.
 
ترەمپ جەختی کردەوە، "ئێمە بردمانەوە، ئەوان لە رووی سەربازییەوە شکستیان خواردووە. ئێمە بیرۆکەیەکمان هەیە کە تێیدا خۆمان رسوومات لە کەشتییەکان وەردەگرین."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەو وادەی 48 کاژێرەیە کرد، کە بڕیارە کاژێر 20:00ی سێشەممە بەکاتی واشنتن (3:00 بەرەبەیانی چوارشەممە بە کاتی هەولێر) کۆتایی بێت و رایگەیاند: "بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن لەم ماوەیەدا، دەبێت مەرجەکان لای من پەسند بن." راشیگەیاند کە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی هەر رێککەوتنێک، دەستەبەرکردنی هاتووچۆی تەواو ئازادی نەوتە بە ناو تەنگەکەدا.
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، تاران لە دووەم رۆژی جەنگەوە تەنگەی هورمزی داخستووە. ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی لە 72 دۆلارەوە گەیاندووەتە سەروو 110 دۆلار. 
 
ئەمڕۆ میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، پاکستان، میسر و تورکیا پێشنیازێکی ئاگربەستیان داوەتە هەردوولا بۆ رێککەوتن و ترەمپیش پێشنیازەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد. بەرپرسانی ئێرانیش رازیبوونیان بە پێشنیازەکە رەتکردووەتەوەو ژمارەیەک مەرجیان هەیە، لەوانە دڵنیایی ئەوەی جارێکی دیکە هێرشیان ناکرێتەوە سەر. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ: لەبەر پێنەدانی گرین لاند ماڵئاواییم لە ناتۆ کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی تووندی کردە سەر وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ بەهۆی هاوکارینەکردنی واشنتن لە جەنگی ئێراندا. ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا دووبارە باسی لە پرسی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاند کردەوە و ناتۆی بە رێکخراوێکی لاواز وەسف کرد.