ترەمپ و بڕیارە چارەنووسسازەکە؛ "رۆژی ژێرخان" یان درێژکردنەوەی مۆڵەت بۆ ئێران؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم کاتێکی کەم و بڕیارێکی مێژووییدایە: جێبەجێکردنی هەڕەشەی سڕینەوەی ژێرخانی ئێران کە بڕیارە کاژێر 8ی شەو بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (کاژێر 3ی بەرەبەیانی چوارشەممە بەکاتی هەولێر) دەستپێبکات، یان درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە بۆ پێدانی دەرفەت بە دانوستاندنەکان.
 
هەڵوێستی تووند بەرامبەر ئێران
 
بە گوێرەی ئەکسیۆس، دۆناڵد ترەمپ لە نێو بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەیدا تووندترین هەڵوێستی بەرامبەر ئێران هەیە. 
 
سەرچاوەیەکی ئەمریکی کە لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە، دەڵێت، ترەمپ بەرامبەر ئێران زۆر تووندە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسانی وەک پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، بەراورد بە ترەمپ وەک "کۆتر" (ئاشتیخواز) دەردەکەون.
 
ترەمپ دەستی کردووە بە راوێژ لەگەڵ یاریدەدەرەکانی لەبارەی پلانی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران و ناوی ئەو رۆژەی ناوە "رۆژی ژێرخان". 
 
گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان
 
لە نێو کۆشکی سپیدا دابەشبوون هەیە. تیمی دانوستاندنکاری ترەمپ کە لە جەی دی ڤانس، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر پێکدێن، پێیان وایە دەبێت ترەمپ هەوڵی رێککەوتن بدات.
 
بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ حکومەتەکانی سعودیە و ئیمارات، کەسانی وەک لیندزی گراهام، هانی ترەمپ دەدەن هیچ رێککەوتنێک واژۆ نەکات، ئەگەر ئێران سازشی گەورە نەکات، وەک کردنەوەی تەنگەی هورمز و رادەستکردنی هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی.
 
ئێران رۆژی دووشەممە وەڵامێکی 10 خاڵیی بۆ پێشنیازەکانی ئاشتی نارد. هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا وەڵامەکە بە "زۆرخوازانە" ناوی دەبەن، بەڵام کۆشکی سپی وەک تەڵەیەکی دانوستاندن سەیری دەکات نەک رەتکردنەوە.
 
نێوەندگیرەکان (پاکستان، میسر و تورکیا) بە واشنتنیان راگەیاندووە کە بڕیاردان لە تاران زۆر خاوە، چونکە سەرکردەکان بەهۆی ترسی ئەمنی ناتوانن پەیوەندیی ئاسایی بکەن.
 
ترەمپ دوێنێ دیدگایەکی بۆ داهاتووی ئێران کێشا و گوتی: "تەواوی وڵاتەکە دەکرێ لە یەک شەودا لەنێوببرێ، رەنگە شەوی سبەی بێت." 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پلانمان هەیە کە هەموو پردێکی ئێران تاوەکو کاژێر 12ی شەوی سبەی تێکبشکێنین. هەموو وێستگەیەکی کارەبا لەکار بکەوێ، بسووتێت و بتەقێتەوە. مەبەستم وێرانکاریی تەواوەتییە لە تەنیا چوار کاژێردا."
 
لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ دووپاتی کردەوە کە "نامانەوێ ئەوە رووبدات" و ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستاندنەکان بە باشی بەڕێوە دەچن و لایەنی بەرامبەریش بە نیازپاکی قسە دەکات. 
 
دوو سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن، پلانی بۆردوومانکردنی بەرفراوانی دامەزراوەکانی وزەی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئامادەیە و تەنیا چاوەڕێی فەرمانی ترەمپ دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمریکا داوای کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکات و ئێران ئەم بانەرەی لە تاران هەڵواسیوە باس لە نەکرانەوەی دەکات. وێنە: AFP

راپۆرتێک: هیوای رێککەوتن کز بووە و ترەمپ و تاران بەرەو "سێشەممەی وێرانکاری" هەنگاو دەنێن

راپۆرتێک دەڵێت، نێوەندگیرانی نێودەوڵەتی بێئومێدیی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی ئێران پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، مەرجەکان جێبەجێ بکات. ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سوپای ئەمریکا قۆناخێکی نوێ و وێرانکەرتری جەنگ دەستپێبکات، کە تێیدا پردەکان و وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکرێنە ئامانج.