رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، پیاوێکی ئەڵمانی هاوژین و سێ منداڵی خۆی کوشتووە و دواتر خۆی کوشتووە. لە دوای خۆی نامەیەکی جێهشتووە و تێیدا باس لەوە دەکات، لە ترسی زیندان ئەو کارەی کردووە، چونکە پێشتر بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسینی ساختە کرد بوو.
پۆلیسی هەرێمی براندنبێرگ رایگەیاند، تەرمی هەر پێنج ئەندامی ئەو خێزانە رۆژی شەممە لە نێو ماڵی خۆیاندا لە شاری کونیگز ڤوستەهاوزن لە دەرەوەی شاری بەرلین دۆزرانەوە.
پیاوە تەمەن 40 ساڵەکە لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە بەڵگەنامەیەکی ساختەی وەرگرتنی ڤاکسینی بۆ هاوژینەکەی دروستکردبوو، بەڵام بەڕێوەبەری ژنەکە پێی زانیوە و بڕیاریداوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات.
گوتەبێژی پۆلیس رایگەیاندووە، باوکە بکوژەکە پێیوابووە خۆی و هاوژینەکەی دەخرێنە زیندانەوە و منداڵەکانیان لێ دادەبڕێندرێن.
پۆلیس پێیوایە پیاوەکە لە سەرەتادا سێ منداڵەکەی کوشتووە کە تەمەنیان چوار، هەشت و 10 ساڵان بوون، دواتریش ژنە تەمەن 40 ساڵەکەی کوشتووە، لە دوای ئەویش خۆشی کوشتووە.
دوای ئەوەی تەرمەکانیان بینی بوو، دراوسێکان پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردبوو.
پۆلیس باسی لەوە کردووە، توێکاری بۆ لاشەکان کراوە، دەرکەوتووە هەموویان فیشەک بەسەریانەوە نراوە.
حکومەتی ئەڵمانیا پێشتر چەندین جار هۆشداری دژی بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختەی وەرگرتنی ڤاکسین داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ