نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام گەیشتە پاریس

07-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. 
 
نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی تایبەتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی پاریسی کردووە. 
 
وا بڕیارە رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام ئەمڕۆ شەممە، 7ـی کانوونی یەکەم کاژێر 7:00ـی ئێوارە بەکاتی پاریس [کاژێر 9:00ـی شەو بە کاتی هەولێر] دەستپێبکات و بەو بۆنەیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە گوتارێک پێشکێش دەکات. 
دواتر لۆرێنت ئولریش، سەرۆکی ئەسقوفەکانی پاریس رێوڕەسمەکە لەنێو هۆڵی نۆتردام دا بەڕێوەدەبات کە نوێژ و نزاش لەخۆ دەگرێت. 
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەم، کاژێر 10:30ـی بەیانی بەکاتی پاریس [12:30ـی نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر] بە بەشداریی 170 ئەسقوف و 100 قەشە یەکەم کۆبوونەوەی ئایینی لە کاتێدرالەکە دا دەکرێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە پەیامنێرەکەی، ئاڵا شاڵی لە ئەورووپا دەستیکەوتوون، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 7ـی ئەم مانگە بەشداری لە رێوڕەسمی سەرلەنوێ کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام دەکات لە پاریس.
 
لەبارەی بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێوەڕەسمەکە، د. کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتیووتی کورد لە فەرەنسا دەڵێت: ''جێگەی شانازییە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وەکو سەرۆکی وڵاتێک پێشوازی لێدەکرێت، ئەمەش بۆ کورد سەرکەوتنێکی باشە.''
 
هاوکات، عەزیز ماملێ، چالاکڤانێکی سیاسییە لە فەرەنسا دەڵێت، لەوێ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان، باس لە مەترسییەکانی سەر کوردستان دەکات. وەک عەزیز ماملێ دەڵێت، بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەگشتی سوودێکی زۆری بۆ کورد دەبێت، ''دڵنیام کاک نێچیرڤان باس لە مەترسییەکانی سەر کوردستان و ئەو هەڕەشانەی کە ئەمڕۆ لەسەر پرسی کورد هەیە، دەکات.''
 
رێوڕەسمەکە گەورە دەبێت و لە ئاستێکی  باڵادا بەڕێوەدەچێت. بەگشتی 50 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان تێیدا بەشدار دەبن و یەکێک لە بەشدارەکان سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت. 
 
بەگشتی نزیکەی هەزار و 500 کەس بۆ رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی ئەمریکا کە دوای هەڵبژاردنەوەی، ئەوە یەکەمین سەردانی دەبێت بۆ دەرەوەی ئەمریکا؛ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و شازادە ولیامی بەریتانیا لەنێو لیستی میوانە تایبەتەکاندان. 
 
دۆناڵد ترەمپ لە ئەکاونتی خۆی لە تروس سۆشیال دا نووسیویەتی "بە شانازییەوە رایدەگەیێنم کە من رۆژی شەممە دەچمە پاریس، فەرەنسا. بۆ بەشداریکردن لە سەرلەنوێ کردنەوەی کاتێدرالی نایاب و مێژوویی نۆتردام، دوای تەواو نۆژەنکردنەوەی لە پاش سووتانی بەر لە پێنج ساڵ".
 
ئەو کاتێدرالییە تەمەنی 850 ساڵە و یەكێکە لەو شوێنەوارانەی لەلایەن یونسکۆوە بە یەکێک لە شوێنەوارەکانی جیهان ناسێندراوە و، پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە 15ـی نیسانی 2019 سووتا و بورجەکەی رووخا.  
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 29-11-2024 سەردانی کاتێدرالییەکەی کرد دوای نۆژەنکردنەوەی و، گوتی نەخشسازەکان کارێکی "ناوازەیان کردووە و "برینێکی نیشتمانی"ـیان چارەسەرکردووە. 
 
ترەمپیش لە پۆستەکەیدا لە سۆشیال میدیادا پەسنی ماکرۆنی داوە و دەڵێ ماکرۆن "کارێکی زۆر تایبەتی کردووە بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی نۆتردام گەڕێندرایەوە و شانازییەکەی و جوانتریش لە رابردوو گەڕاوەتەوە بە نۆژەنکردنەوەی. ئەو رۆژە (شەممەی داهاتوو) رۆژێکی زۆر تایبەت دەبێت بۆ هەمووان".
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: Reuters/Kevin Lamarque

رووسیا پێشوازی لە هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی ئۆکراینا دەکات

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، پێشوازی لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئۆکراینا دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت