رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەیەکی تایبەت بە کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە هۆڵەندا دادەمەزرێت. ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکار بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەکە دەڵێت، "کاری لەپێشینەمان رێکخستنەوەی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەبێت لە هۆڵەندا، کە ژمارەیان نزیکەی 50 هەزار کەسە."
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 08-06-2025، لە شاری ئارنهێمی هۆڵەندا، چالاکییەکی تایبەت بە کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەبچێت. چالاکییەکە خۆی لە دامەزراندنی کۆمەڵەیەک بەناوی (دەستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان) دەبینێتەوە.
ستێر ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکار بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەکە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژیر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "چالاکییەکە تاوەکو کاژێر 17:00 بەردەوام دەبێت."
بە گوتەی ستێر ئەحمەد، ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی (دەستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان) رێکخستنەوە و هاوئاهەنگیکردن لەنێوان کوردانی رۆژئاوای کوردستانە لە هۆڵەندا.
وەکو ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەکار بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەکە دەڵێت، "لە 14 ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان هاتوونەتە هۆڵەندا، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا کۆمەڵەیەکی گشتگیریی کوردیمان نییە کە کۆیان بکاتەوە و کار بۆ پاراستنی مافیان بکات."
ستێر ئەحمەد ئاماژەی بە ژمارەی ئەو هاونیشتمانییانەی رۆژئاوای کوردستان کرد کە لە هۆڵەندا دەژین و گوتی، "بەداخەوە ژمارەیەکی فەرمی نییە، چونکە کورد لە سوورییەکان جیانەکراونەتەوە، بەڵام زیاتر لە 150 هەزار سووریایی لێرە هەن. بەر لە لە ساڵی 2011 زیاتر لە 8000 کوردی رۆژئاوای کوردستان لێرە بوون. ئێستاش پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 50 هەزار کوردی [رۆژئاوای کوردستان] لەم وڵاتە بژین."
کار و چالاکیی کۆمەڵەکە دیپلۆماسی، هونەری و کۆمەڵایەتی دەبێت. ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەکار بۆ دامەزراندنی (دەستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان) ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵ دەدەین لەدوای رێکخستنەوەی خۆمان، خزمەت بە رۆژئاوای کوردستانیش بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ