رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، ناردنی چەکی زیاتر بۆ ئۆکراینا دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی جەنگەکەیان، ئەمە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەن چەکی بەرگریی زیاتر بۆ ئۆکراینا بنێرن.
رۆژی سێشەممە 8ـی تەممووزی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) لە بارەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو چەکی زیاتر بە ئۆکراینا دەدەن رایگەیاند، "روونە کە ئەنجامی ئەو جۆرە کارانە یەکانگیرنابێت لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە".
گوتەبێژی کریملین گوتیشی، ناردنی چەکی زیاتر بۆ ئۆکراینا تەنیا دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی زیاتری جەنگی نێوانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە.
دوێنێ، ترەمپ لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ئەگەری ناردنی چەکی زیاتر بۆ کیێڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێویستە چەکی زیاتر بنێرین، لە سەرووی هەمووشیانەوە چەکی بەرگری." هاوکات "ناڕەزایەتیی" خۆی بەرامبەر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دووپاتکردەوە، بەهۆی ئەوەی ئامادە نییە بۆ ئاشتی.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022، پووتین سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕەکە بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکانی.
رووسیا داوا دەکات ئۆکراینا دەستبەرداری چوار هەرێم بێت کە سوپای رووسیا بەشێکی کۆنترۆڵ کردوون، هەروەها دەستبەرداری نیمچەدوورگەی کریمیا بێت کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 بەشێوەیەکی تاکلایەنە خستییە سەر خاکی خۆی، لەگەڵ وازهێنان لە بیرۆکەی بوونە ئەندام لە ناتۆ، بەڵام کیێڤ هەموو ئەو داواکارییانە رەتدەکاتەوە.
پووتین چەندین جار بە ترەمپی گوتووە، مۆسکۆ "دەستبەرداری ئامانجەکانی نابێت"، سەرەڕای ئەو گوشارە زۆرانەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی شەڕەکە دەیخاتە سەری.
ئەمریکا، کە گەورەترین پشتیوانی سەربازیی ئۆکراینایە، هەفتەی رابردوو راگرتنی ناردنی بەشێک لە چەکەکانی بۆ کیێڤ راگەیاند، لەنێویاندا مووشەکی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت".
لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، واشنتن بەڵێنی پێشکێشکردنی زیاتر لە 65 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی بە ئۆکراینا دابوو.
ترەمپ، کە هەمیشە گومانی لە سوودی هاوکارییەکانی ئۆکراینا هەبووە، هەنگاوی هاوشێوەی بایدنی نەناوە و لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، هیچ پاکێجێکی نوێی هاوکاریی سەربازیی بۆ کیێڤ رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ