رووداو-هەولێر
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، دەکرێت سووریاییەکان رووخانی حکومەتی وڵاتەکەیان بە دەرفەتێک بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر ببینن.
رۆژی یەکشەممە، 08ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "دوای 14 ساڵ لە جەنگێکی دڕندانە و رووخانی رژێمە دیکتاتۆرەکە، ئەمڕۆ خەڵکی سووریا دەتوانن ئەم دەرفەتە بۆ بنیاتنانی داهاتووییەکی ئاشتییانە و سەقامگیر بەکاربێنن."
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، "داواکارییەکەم بۆ دووربوون لە تووندوتیژی و پاراستنی ئارامی لەم کاتە هەستیارە دووپات دەکەمەوە."
ئەو راگەیێندراوە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپۆزیسیۆن و میدیای فەرمیی سووریا رووخانی حکومەتی وڵاتەکەیان راگەیاند. میدیای فەرمیی رووسیا رایگەیاند، بەشار ئەسەد لە مۆسکۆیە و داوای مافی مانەوەی لەو وڵاتە کردووە.
شان سەیڤت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا "لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆدەبێتەوە بۆ وەرگرتنی دوایین زانیارییە سەبارەت بە دۆخی سووریا."
ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "یارمەتیدەر دەبین لە بنیاتنانەوەی سووریا". دەشڵێت، "پێویستە سووریای داهاتوو یەکگرتوو بێت." ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە حکومەتی داهاتووی سووریا هەموو کەمینەکان بپارێزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ