جیهان
لۆگۆی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) لە باڵەخانەی دامەزراوەکە لە واشنتن دیسیی ئەمریکا. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) رایگەیاند، پێشبینی دەکەن بڕی 50 ملیار دۆلار وەک هاوکاریی دارایی پێشکێشی ئەو وڵاتانە بکەن کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە. هۆشداریش دەدات کە تەنانەت لە ئەگەری بەردەوامیی ئاگربەستیشدا، جیهان بە ئاسانی ناگەڕێتەوە دۆخی پێش شەڕ.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، لە گوتارێکدا لە دەستپێکی کۆبوونەوە بەهارەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی لە واشنتن رایگەیاند: "بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێشبینی دەکەین داوای هاوکاریی دارایی لە نێوان 20 بۆ 50 ملیار دۆلاردا بێت."
جۆرجێڤا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئاگربەستەکە بەردەوام بێت، رەنگە قەبارەی هاوکارییەکان لە سنووری 20 ملیار دۆلاردا بمێنێتەوە، بەڵام هۆشداری دا کە پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردن و گواستنەوە بەهۆی شەڕەکەوە، بووەتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی خۆراک و ئەمەش کار دەکاتە سەر ژیانی لایەنیکەم 45 ملیۆن کەس.
کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر ئابووریی جیهان
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی پەککەوتنی رێڕەوە بازرگانییەکان. بەتایبەت دوای ئەوەی تاران تەنگەی هورمزی داخست، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە.
بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەڵێت، تەنانەت لە باشترین سیناریۆشدا، ئاسەواری شەڕەکە لەسەر ژێرخان و متمانەی بازاڕ دەمێنێتەوە و گەشەی ئابووری کەمتر دەبێت لەوەی چاوەڕوان دەکرا.
گوتیشی: "بیر لەو وڵاتە دوورەدەستانەی زەریای هێمن بکەنەوە کە لە کۆتایی زنجیرەی دابینکردن دان و ئێستا نازانن سووتەمەنییان پێ دەگات یان نا."
داکەوتنی گەشەی ئابووریی ناوچەکە
رۆژی چوارشەممە، بانکی جیهانی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە جەنگەکە باجێکی قورسی بە ئابووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیاندووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، گەشەی ئابووریی ناوچەکە (جگە لە ئێران) لە ساڵی 2026دا بۆ 1.8% دادەبەزێت، لە کاتێکدا پار 4% بووە.
هاوکات، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، بانکی جیهانی و پرۆگرامی جیهانیی خۆراک (WFP) لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا هۆشدارییان دا کە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و پەینی کیمیایی، دەبێتە هۆی گرانبوونی خۆراک و ئەمەش زیانی زۆر بە وڵاتە کەمداهاتەکان دەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ