رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ترەمپ لەلایەن دادگەی فیدڕاڵییەوە تۆمەتبارکراوە بەوەی مامەڵەی لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان کردووە و بەڵگەنامەکانی لای خۆی هێشتوونەتەوە.
رۆژی هەینی، 9ـی حوزەیرانی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بە ناوی Truth Social رایگەیاند: "ئیدارە گەندەڵەکەی بایدن، دەستەی پارێزەرەکانمی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە تۆمەتبار کراوم."
ترەمپ رایگەیاند لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە ئاگادارکراوەتەوە کە رۆژی سێشەممە، 13-6-2023، لەبەردەم دادگە ئامادەبێت، ترەمپ گوتیشی: "من پیاوێکی بێتاوانم، هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە شتێکی لەو جۆرە بەسەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا بێت."
چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دادی ئەمریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، لە دادگە حەوت تۆمەت رووبەڕووی ترەمپ دەکرێنەوە.
جیم ترەستی، پارێزەری تایبەتی ترەمپ، بە میدیاکانی راگەیاندووە، "ترەمپ چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ، لەوانەش؛ هێشتنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان لەلای خۆی، بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوی ناڕاست، بەربەست دروستکردن لە بەردەم دادپەوەری و پیلانگێری".
کێڤن مەککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بەرگری لە دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی تاریکە بۆ ئەمریکا، بێویژدانییە بۆ سەرۆکێک کە بەربژێرە رکابەرەکەی تۆمەتبار بکات".
ئەو تۆمەتانەی سەر ترەمپ لەکاتێکدایە، لە مانگی ئابی 2022، پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا زیاتر لە 11 هەزار بەڵگەنامەی لە ماڵەکەی ترەمپ لە مارالاگۆی فلۆریدا دۆزییەوە، کە زیاتر لە 100 بەڵگەنامەیان بە بەڵگەنامەی "نهێنی و هەستیار" پۆلێنکران.
کانوونی دووەمی 2022، ترەمپ 15 سندوقی رادەستی ئەرشیفی نیشتیمانی ئەمریکا کرد، کە زیاتر لە 200 بەڵگەنامەی نهێنی و هەستیاریان تێدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ