پۆلیسی هایتی: 26 کۆلۆمبی و دوو ئەمریکی سەرۆکی هایتییان تیرۆرکردووە

09-07-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن هایتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی هایتی رایگەیاند، 26 کۆلۆمبی و دوو ئەمریکی بەرپرسن لە تیرۆرکردنی سەرۆکی هایتی، کە ژمارەیەکیان کوژراون و بەشێکیشیان دەستگیرکراون، هەروەها هەشتیان هەڵاتوون.
 
پۆلیسی هایتی رایگەیاند، ئەو گرووپەی دەستیان لە تیرۆرکردنی جۆڤینێل مۆئیس، سەرۆکی هایتی هەیە لە 28 کەس پێکهاتوون کە 26یان کۆلۆمبین و دووانیان ئەمریکی. 
 
پۆلیسی هایتی راشیگەیاند ئاشکرابوونی ئەو زانیارییانە لەدوای دەستگیرکردنی شەش تۆمەتبار هات، کە پێنجیان کۆلۆمبی بوون و یەکێکیان ئەمریکی. دەستگیرکراوەکان دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەکە ناوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 7-7-2021، گرووپێكی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی جۆڤینێل مۆئیس، سەرۆکی هایتی و تیرۆریان کرد. لە هێرشەکەدا هاوژینی سەرۆکە تیرۆرکراوەکە بریندارکرا.
 
کلۆد جۆزێف، سەرۆکوەزیرانی هایتی, کە سەرۆکایەتی کاتی وڵاتی وەرگرتووە، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە بۆ دۆزینەوەی بکوژانی مۆئیس.
 
لەلایەکی دیکەوە دیێگۆ مۆلانۆ، وەزیری بەرگریی کۆلۆمبیا نەیشاردەوە کۆڵۆمبییەکان دەستیان لە تیرۆرکردنەکەدا هەبووە و رایگەیاند ئینتەرپۆل بە فەرمی داوای زانیاریی لە حکومەتی کۆلۆمبیا کردووە سەبارەت بە گومانلێکراوانی ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە.
 
مۆلانۆ گوتیشی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەو هاووڵاتییە کۆلۆمبیانەی سەرۆکی هایتییان تیرۆر کردووە، سەربازی خانەنشینی سوپای کۆلۆمبیان، زانیاریی تەواویان لەبارەی ئەو کەسانەوە داوەتە ئینتەرپۆل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە