پەرلەمانی ئەڵمانیا پێدانی وڵاتینامەی بە پەناخوازان لە پێنج ساڵەوە کردە 8 ساڵ

09-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بڕیاریدا یاسای پێدانی وڵاتینامە بەو کەسانەی پێنج ساڵ لەو وڵاتە دەمێننەوە بکاتە 8 ساڵ مانەوە. پارتی یەکێتیی کریستیان و بەشێکی پەرلەمانتارانی سۆشیال دیموکرات و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندئاژۆی دژەکۆچبەر دەنگیان بە گۆڕانکارییەکە دا. 
 
پەرلەمان و حکومەتی پێشووی ئەڵمانیا بە یاسا پێدانی وڵاتینامەی لە 8 ساڵەوە کردبووە پێنج ساڵ، بەو مەرجەی داواکار بیسەلماندبووایە بە باشی تێکەڵی کۆمەڵگە و کولتووری وڵاتەکە بووە. 
 
شوباتی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرا. هاوپەیمانیی پارتە کریستیانەکان یەکەم و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دووەم بوون. فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پارتی یەکێتیی کرسیتیان دیموکرات حکومەتی ئەو وڵاتەی پێکهێنا و بەڵێنیدا کاربکات لە پێناو کەمکردنەوەی چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی. 
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2025، پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبووەوە. لە 630 پەرلەمانتار، 450یان دەنگیان بە گۆڕانکارییەکە دا و 134یشیان دژی بوون. 
 
پێش دەنگدانەکە، ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەم بڕیارە دەتوانن "ئاماژەیەکی روون" بنێرن کە دژایەتی کۆچبەران دەکەن. گوتیشی، "وڵاتینامەی ئەڵمانیا دوای تێکەڵبوونێکی سەرکەوتوو دەدرێت نەوەک ببێتە هاندەرێک بۆ هاتنی کۆچبەری نایاسایی زیاتر". 
 
بە گوێرەی پۆلیسی ئەڵمانیا، چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 22 هەزار و 170 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە، هەمان ماوەی پار 83 هەزار و 572 کۆچبەر و هەمان ماوەی پێرار 127 هەزار و 549 کۆچبەر چووبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە