رووداو دیجیتاڵ
سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نیوەوەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا لە زۆربەی ویلایەتەکان داخران و دەنگدەرە ئەمریکییەکان کە لە سەرانسەری وڵاتەکە روویان لە بنکەکانی دەنگدان کردبوو، نوێنەری خۆیان دیاریکرد. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کۆمارییەکان وادەردەکەوێت ئەنجوومەنی نوێنەران کۆنترۆڵ بکەن و شەڕێکی تووندیش لەسەر کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیرانە.
گرەوەکە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا. لەم هەڵبژاردنەدا، 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن؛ هەروەها دەیان حاکم و داواکاری گشتی هەڵدەبژێردرێن.
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دەنگە جیاکراوەکان تاوەکو ئێستا دیموکراتەکان 48 کورسی و، کۆمارییەکانیش 47 کورسییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران بەدەستهێناوە، براوە پێویستە 51 کورسی بەدەستبهێنێت.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دیموکراتەکان 178 کورسیان بەدەستهێناوە و کۆمارییەکان 198 کورسی، براوە پێویستە 218 کورسی بەدەستبهێنێت.
تاوەکو ئێستا لە هەڵبژاردنی حاکمی ویلایەتەکان، کۆمارییەکان 23 ویلایەتیان بردووەتەوە و دیموکراتەکانیش 14 ویلایەتیان بردووەتەوە. هاوکات زیاتر لە 41 ملیۆن کەس لە 47 ویلایەت بە شێوەی پێشوەخت یان لە رێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە.
ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران هەردوو پارتەکە 50 بە 50 بوون، ئەوا سەرۆک سەر بە کام پارت بێت، ئەو پارتە دەبێتە براوە کە ئێستا جۆ بایدن سەر بە دیموکراتەکانە.
هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ لە قۆناخێکی گرنگی ئابووریدا دێن. پاشەکشەی ئابووری لەوە دەرچووە تەنیا ئەگەرێک بێت، بەڵکو لەسەر کات ماوەتەوە کە کەی روودەدات. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، هەڵاوسان بە بەرزی ماوەتەوە. هاووڵاتییانی ئەمریکی هەست بە گوشاری زیادبوونی رێژەی سوودی بانکی دەکەن و رووبەڕووی زستانێکی پڕ لە گرژیی جیۆسیاسی دەبنەوە.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ دابەشبوونی هێز لە نێو کۆنگرێس و دەزگای یاسادانانی ئەمریکا دیاری دەکەن، کە ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی لە بواری دارایی و ئابووری.
دەنگدانی ئەمڕۆ رەنگدانەوەی لەسەر ئەم سیاسەتانەی خوارەوە دەبێت:
کەمکردنەوەی باج: ئەگەر کۆمارییەکان لە کۆنگرێس ببنە زۆرینە، ئەوا بێ پشتیوانی دیموکراتەکان یان جۆ بایدنی سەرۆک، زەحمەت دەبێت بتوانن باج کەمبکەنەوە.
سنووردارکردنی قەرزەکان: لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2021، سنووری قەرزە فیدراڵییەکان زیادکرا و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ئاییندەدا وەزارەتی گەنجینە بگاتە ئەو سنوورە، واتە جارێکی دیکە پێویست دەکرێت بڕەکە زیادبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت ئەو پارەیەی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و بازاڕەکەی پێویستی پێیەتی دابینیبکات. دیموکرات و کۆمارییەکان لەسەر ئەو زیادکردنە ناکۆکییان هەیە. ئەگەر یەکێکیان نەبێتە خاوەن زۆرینەی پێویست لە کۆنگرێس، ئەوا دەکرێت ئەنجامی ناخۆشی بۆ بازاڕەکان هەبێت.
خەرجییەکان: ئەگەر دیموکراتەکان لە کۆنگرێس بە زۆرینە بمێننەوە، ئەوا حکومەتی فیدراڵی لە ئەگەری پاشەکشەی ئابوورییدا، یارمەتیی زیاتری بازرگانییەکان دەدات، بەڵام ئەگەر کۆمارییەکان بیبەنەوە، ئەوا خۆیان لە پاکێجی یارمەتیی گەورە دەپارێزن.
دەستەبەری کۆمەڵایەتی: پڕۆگرامە تایبەتەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چاودێریی تەندروستی هەردووکیان لە لایەن دوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا گفتوگۆی چڕ و پڕی لەسەر کراوە و چاوەڕێدەکرێت لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری بەخۆیانەوە ببینن.
یەدەگی فیدراڵی: ئەندامانی کۆنگرێس دژی زیادکردنی سوودی بانکی لە لایەن یەدەگی فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان قسەدەکەن. دیموکراتەکان داوایان لە یەدەگی فیدراڵی کردووە سوودی بانکی بە خێرایی بەرز نەکاتەوە. ئێستا کۆمارییەکانیش هاتوونەتە سەر هێڵ. چاوەڕێ دەکرێت لە دوای هەڵبژاردن، هەردوو پارتەکە لەسەر یەدەگی فیدرالی مشتومڕی چڕ بکەن.
هەڵبژاردنی نیوەوەرز (میدتێرم) لە ئەمریکا چییە؟
ئەمریکییەکان هەموو چوار ساڵ جارێک لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا دەنگ بۆ سەرۆکێکی نوێ دەدەن. هەڵبژاردنی میدتێرم دەکەوێتە نیوەی خولی سەرۆکایەتی و لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ