رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جەنگی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە پێشتر وێنا نەدەکرا و خەریکە جیهان بەرەو جەنگێکی فراوانتر و کارەساتێکی ئابووریی قووڵتر دەبات. دەشڵێت، نێردەیەکی تایبەتی بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی ئاشتی دەستنیشان کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە، جەنگەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە. کاتی ئەوە هاتووە واز لە سەرکەوتن بە پلیکانەی پەرەسەندنی سەربازیدا بهێنرێت و بگەڕێینەوە بۆ رێزگرتنی تەواو لە یاسا نێودەوڵەتییەکان."
جەنگی ئێران و پەککەوتنی تەنگەی هورمز
سکرتێری گشتی پەیامێکی روونی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم جەنگە بهێنن، چونکە مەینەتییە مرۆییەکان قووڵتر دەبنەوە و لێکەوتە ئابوورییەکان وێرانکەرتر دەبن'؛ داواشی لە ئێران کرد هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی رابگرێت کە لایەنی ئەم جەنگە نین.
گۆتێرێز هۆشداری دا لە مەترسیی بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز و رایگەیاند، "داخستنی درێژخایەنی تەنگەکە هاتوچۆی نەوت، گاز و تەنانەت پەینی کیمیایی پەکخستووە، ئەمەش لە کاتێکی هەستیاری وەرزی چاندنی جیهانیدا مەترسیی گەورە دروست دەکات." ئاشکراشی کرد کە "ژان ئارنۆ"ی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کارکردن لەسەر ئەم ململانێیە دەستنیشان کردووە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداو و لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخست. بە گوێرەی دامەزراوەی وزەی ئەمریکا، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا هەناردە دەکرا کە 20%ی بەرهەمی هەناردەکراوی رۆژانەی نەوت بوو لە جیهاندا.
جەنگی لوبنان و هۆشداری لە "مۆدێلی غەززە"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گۆتێرێز تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی گرژییەکان لە لوبنان و جەختی کردەوە کە دەبێت لەوێش جەنگ رابگیرێت. ئەو گوتی: "حیزبوڵڵا دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرێت و ئیسرائیلیش دەبێت هێرشەکانی لە لوبنان بوەستێنێت کە زۆرترین زیانیان بە سڤیلەکان گەیاندووە."
سکرتێری گشتی بە تووندی هۆشداری دا و رایگەیاند، "نابێت مۆدێلی غەززە لە لوبنان دووبارە ببێتەوە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا بازاڕەکانی جیهان لە شڵەژان دان و قورسترین گورز بەر ئەو گەل و وڵاتە هەژارانە دەکەوێت کە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لەم ململانێیەدا نییە. لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە تەنیا رێگەی دەرچوون لەم کارەساتە دیپلۆماسی و گەڕانەوەیە بۆ ئاشتی.
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە حیزبوڵـڵا وەکو تۆڵەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ