رووداو دیجیتاڵ
دوو پاڵەوانی ناسراوی کورد لە دوو بەشی جیاوازی کوردستانەوە، لە هەندەران گەیشتنە یەک و هاوسەرگیرییان کرد.
لۆرین زەکەریا محەممەد و فەرشاد گردکانی، کە هەردووکیان خاوەنی چەندین نازناوی وەرزشین، رۆژی 14ـی ئادار لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، زەماوەندیان کرد.
فەرشاد گردکانی؛ زۆرانبازە کرماشانییەکە
زاوا فەرشاد گردکانی، خەڵکی شاری کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
فەرشاد زۆرانبازێکی خاوەن ئەزموون و لێهاتووە، زیاتر لە 10 مەدالیای زێڕی لەسەر ئاستی جیهان، ئەورووپا و بەلجیکا بەدەستهێناوە. ئەو هەمیشە بە هەڵوێستە نیشتمانییەکانی ناسراوە؛ لە دوایین سەرکەوتنیدا لە مەدرید، دوای بەدەستهێنانی پلەی یەکەم، ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە و سەرکەوتنەکەی پێشکەش بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کرد.
لۆرین محەمەد؛ ئەستێرەی کاراتیی عەفرین
بووک، لۆرین زەکەریا محەمەد، کچە وەرزشوانی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە.
لۆرین یەکێکە لە ئەستێرە درەوشاوەکانی یاریی کاراتی و لە نوێترین چالاکیی وەرزشیدا، لە پاڵەوانێتیی هۆڵەندا کە 7 وڵات تێیدا بەشدار بوون، توانی پلەی دووەم و مەدالیای زیو بەدەستبهێنێت. لۆرین بە شانازییەوە سەرکەوتنەکەی پێشکەش بە عەفرینی نیشتمانی کرد.
"پشتیوانی یەکتر دەبین"
فەرشاد گردکانی لەبارەی ئەم سەرەتایە نوێیەی ژیانیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "7 مانگە یەکدی دەناسین. ئێمە لەسەر بنەمای خۆشەویستییەکی قووڵ بڕیارمان دا زەماوەند بکەین. لە رێگەی وەرزش و کارەکانماندا، هەمیشە هاوکار و گەورەترین پاڵپشتی یەکدی دەبین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ