رووداو دیجیتاڵ
لە دەستپێکی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا رۆژانە کورتە ڤیدیۆیەکی دوو خولەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە دەکەن، تێیدا تەنیا دیمەنی گەورەترین و سەرکەوتووترین هێرشەکانی سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە 48 کاژێری رابردوودا نیشان دەدرێت.
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" کە رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، بڵاوکراوەتەوە، سێ بەرپرسی ئێستا و بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ئەم ڤیدیۆیە لە چەندین پارچە فیلمی "تەقینەوەی ئامانجەکان" پێکهاتووە.
ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لای هەندێک لە هاوپەیمانانی ترەمپ کە پێیان وایە سەرۆکی ئەمریکا وێنەی تەواوەتیی جەنگەکەی پێناگات، کە ئێستا چووەتە چوارەم هەفتەیەوە.
"بۆچی میدیاکان ئەو سەرکەوتنانە نیشان نادەن"
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بینینی ئەم ڤیدیۆیانە بووەتە هۆی بێزاریی ترەمپ لە رووماڵی میدیایی جەنگەکە.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوە تایبەتەکانیدا پرسیاری لە یاریدەدەرەکانی کردووە، بۆچی میدیاکان ئەو سەرکەوتنانە بەو شێوەیە نیشان نادەن کە ئەو لە ڤیدیۆکاندا دەیانبینێت؟
لە بەرامبەردا، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکى بۆ "ئێن بی سى نیوز" ئەم گوتانەى سەرچاوەکانى رەتکردووەتەوە: "ئەمە بانگەشەیەکى ناڕاستە لە لایەن کەسانێک کە لە ژوورەکەدا ئامادە نەبوون."
لیڤیت جەختی کردەوە، ترەمپ بەردەوام گوێ لە هەموو راوێژکارەکانی دەگرێت و داوای راستییەکان دەکات.
"ترەمپ لە رێگەى میدیاکانەوە زانی سعودیە هێرشی کراوەتەسەر"
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن سوپا ناتوانێت وردەکاریی هەموو هێرشەکان بە سەرۆک بدات، چونکە رۆژانە سەدان هێرش ئەنجام دەدرێن؛ هەر بۆیە ئەو ڤیدیۆیانەی بۆی هەڵدەبژێردرێن زیاتر جەخت لە سەرکەوتنەکان دەکەنەوە و وردەکاریی کەمتر لەسەر هێرشە بەرپەرچدەرەوەکانی ئێران تێدایە.
بۆ نموونە، کاتێک پێنج فڕۆکەی سووتەمەنیی ئەمریکا لە بنکەی "شازادە سوڵتان" لە سعودیە بەهۆی هێرشێکی ئێرانەوە پێکران، ترەمپ لەڕێگەی میدیاکانەوە هەواڵەکەی بیست نەک لەڕێگەی زانیارییە سەربازییەکانەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، ترەمپ لەپشت پەردەوە زۆر تووڕە بووە و لە "ترووس سۆشیال" میدیاکانی تۆمەتبار کردووە بەوەی دەیانەوێت ئەمریکا لە جەنگەکەدا بە دۆڕان بدەن.
"ژەنەراڵەکان بە ترەمپیان گوتووە ئەو ڤیدیۆیە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە"
ترەمپ خۆی دانی بەوەدا ناوە بەشێوەی سەربەخۆ بە دوای زانیاریدا دەگەڕێت. ئەو باسی لەوە کرد، ڤیدیۆیەکی بینیوە تێیدا کەشتیی جەنگیی ئەبراهام لینکن دەسووتێت، بەڵام ژەنەراڵەکان پێیان گوتووە ئەو ڤیدیۆیە بە ژیریی دەستکرد لە لایەن ئێرانەوە دروستکراوە.
ترەمپ گوتی، دیمەنی سووتانی باڵەخانەکانی تەلئەڤیڤ و قەتەر و سعودیەشی بینیوە کە هەموویان "ساختە" بوون.
"رێگری لە دەربڕینی بیروڕای جیاواز لە کۆشکى سپی دەکرێ"
ئەگەرچی لە نێو لایەنگرانی بزووتنەوەی "دووبارە مەزنکردنەوەى ئەمریکا" کە بە "ماگا" ناسراوە و پاڵپشتیکەرانى ترەمپن، پشتگیرییەکە 100٪ـە، بەڵام بەپێی راپرسییەکانی "ئێن بی سی نیوز"، زۆربەی دەنگدەرانی ئەمریکا دژی شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکەن لە لایەن ترەمپەوە، تەنانەت ناڕەزایەتییەکان گەیشتوونەتە نێو خودی ئیدارەکەش.
جۆ کێنت، بەڕێوەبەری پێشووی سەنتەری نیشتمانیی دژە تێرۆر، دوای دەستلەکارکێشانەوەی رایگەیاند کە رێگری لە دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکان لەسەر جەنگەکە کراوە و گوتوویەتی: "دانوستاندنێکی تێر و تەسەل لە نێو کۆشکی سپیدا لەسەر جەنگەکە بوونی نەبووە."
جەنگەکە لە کاتێکدا بەردەوامە کە تاران زیانی گەورەی بەرکەوتووە، بەڵام داخستنی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 120 دۆلار، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئیدارەی ترەمپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ