رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سووریا و تیمەکەی لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکان و بڕیارە سبەی کاژێر 3ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و شاندەکەی کۆببنەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی دەرهێنانی سووریا لەژێر بڕیاری قەیسەر، ئاوەدانکردنەوەی سووریا، بەئەندامبوونی دیمەشق لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە دیمەشق بکەن.
راوێژکاری میدیایی سەرۆکی سووریا: لەپێشترین پرس دەرهێنانی سووریایە لەژێر بڕیاری قەیسەر
ئەحمەد زێدان، راوێژکاری میدیایی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە میدیایی سعودیەی راگەیاند، دەرهێنانی سووریا لەژێر بڕیاری قەیسەر لەپێشترین پرسە بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتەکەیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
کانوونی یەکەمی 2019، ئەمریکا، سووریای خستە ژێر بڕیاری قەیسەر و حوزەیرانی دواتر چووە واری جێبەجێکردنەوە. بڕیارەکە دژی ئەو کەس و لایەنانە بوو، کە هاوکاری رژێمی ئەسەدیان دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و کوشتنیان.
30ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی بۆ 180 رۆژ لێخۆشبوونی بۆ سووریا لەو سزایانە دەکرد. 27ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵیش ماوەکە تەواو دەبێت. لابردنی تەواوەتی سزاکە جگە لە بڕیاری ترەمپ پێویستی بە دەنگی زۆرینەی کۆنگرێسیشە.
هەوڵدان بۆ دەرهێنانی سووریا لەژێر بڕیاری قەیسەر لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سزاکانی لەسەر ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا هەڵگرت.
بە ئەندامبوونی سووریا لە هاوپەیمانیی رووبەڕووبوونەوەی دژی داعش
هەفتەی رابردوو، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، هیواخوازن بەم زوانە سووریا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپیش بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، پێشبینیدەکرێت لەم سەردانەیدا شەرع واژۆ لەسەر رێککەوتنی بە ئەندامبوون لەو هاوپەیمانییە بکات.
ئەیلوولی 2014، بە سەرپەرشتی ئەمریکا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پێکهێندرا. ئێستا 80 وڵات ئەندامی هاوپەیمانییەکەن.
بە گوێرەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، ئەم ساڵ داعش لە سووریا 311 هێرش و لە عێراقیش 64 هێرشی "تیرۆرستی" کردووە، هەمان ماوەی پار 878 هێرش لە سووریا و 160 هێرش لە عێراق کردبوو.
بنیاتنانەوەی سووریا
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی سەرۆکی سووریا گفتوگۆی لەسەر دەکات لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بریتییە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی.
مایکل هانا، بەڕێوەبری پڕۆگرامی ئەمریکا لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، سەردانەکەی شەرع "تاقیکردنەوەی پابەندبوونی ئەمریکایە بە سووریای نوێ و سەرۆکەکەی، کە هەوڵی گۆڕان لە سەرکردەیەکی میلیشیاوە بۆ دەوڵەتمەدار دەدات". دەشڵێت، یەکێک لە روانگەکانی تاقیکردنەوەکەش پرسی ئاوەدانکردنەوەی سووریایە.
بە گوێرەی هانا، شەڕع دەیەوێت لەو سەردانەیدا بڕێک هاوکاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی وەربگرێت، کە بە گوێرەی بانکی جیهانی، شەڕی ناوخۆیی زیانی 216 ملیار دۆلاری لێدا.
کردنەوەی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە دیمەشق
بە گوێرەی شەش سەرچاوەی ئاگادار، کە نەیانویست ناویان ئاشکرابکرێت و قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە، ئەمریکا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی لە دیمەشق دەکات بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە چاودێری جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکی ئیسرائیل و سووریا بکات.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، بنکە سەربازییەکە لە باشووری دیمەشق دەبێت.
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا سەرکەوتووبوون لە رووخاندنی حکومەتی سووریا و حکومەتێکی کاتییان لەو وڵاتە راگەیاند. لە دوای رووخانی ئەسەدەوە ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر سووریا و لە باشووری وڵاتەکە پێشڕەوی کردووە. ژمارەیەک کۆبوونەوە لەنێوان بەرپرسانی دیمەشق و تەلئەڤیڤ کراوە، بەڵام هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ