ئەڵمانیا، نەمسا و سوێد پێدانی مافی پەنابەرێتی بۆ سووریاییەکان رادەگرن

09-12-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
هەریەک لە ئەڵمانیا، نەمسا و سوێد بڕیاریاندا، چیدیکە دۆسیەی پەنابەری لە پەناخوازە سووریاییەکان وەرنەگرن. نەمسا دەڵێت، لە رێگەی پرۆگرامێکی رێکخراوەوە خۆیان بۆ ناردنەوەی سووریاییەکان ئامادە دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 09-12-2024 نانسی فێیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە: "ئێستا دۆخی سووریا زۆر ناڕوونە. بە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دۆخە ناڕوونە، وا باشترە نووسینگەی فیدراڵی بۆ کۆچبەران و پەنابەران کارەکانیان سڕبکەن، تاوەکو دۆخەکە روون و یەکلا دەبێتەوە."
 
فێیزەر گوتی، "کۆتاییهاتنی ستەمکاریی دڕندەی ئەسەدی دیکتاتۆر لە سووریا، حەسانەوەیەکی گەورە بوو بۆ ئەوەی لەژێر جەور و کوشتوبڕی ئەودا بوون. زۆربەی ئەو پەناخوازانەی کە لە ئەڵمانیا شوێنێکی سەلامەتیان دۆزییەوە، ئێستا هیوای ئەوەیان هەیە بچنەوە زێدی خۆیان و وڵاتی خۆیان بنیاد بنێنەوە." 
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، ئێستا 974 هەزار و 136 سووریایی لە ئەڵمانیا دەژین. "لەو ژمارەیە، پێنج هەزار و 90 سووریایی شیاوی وەرگرتنی مافی مانەوە بوون. 321 هەزار و 444 مافی پەنابەرێتییان پێدراوە و 329 هەزار و 242 کەسیش مافی پارێزراویان پێدراوە، بەڵام نەک مافی پەنابەری. دەیان هەزار کەیسی دیکەش هێشتا بڕیاریان لەسەر نەدراوە."
 
بە بڕیاری ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا لە ساڵی 2015 بۆ 2016، ئەڵمانیا بڕیاری وەرگرتنی یەک ملیۆن سووریایی دا، کە لە جەنگی ناوخۆی وڵاتەکە رایاندەکرد.
 
هاوشێوەی ئەڵمانیا، وەزارەتی دەرەوەی نەمسا رایگەیاند: "کارل نێهامەر، راوێژکاری نەمسا، گێرارد کارنەر، وەزیری ناوخۆی راسپارد، هەموو داواکارییەکانی مافی پەنابەرێتیی سووریاییەکان رابگرێت."
 
وەزارەتی دەرەوەی نەمسا راشیگەیاند: "راوێژکاری نەمسا هەروەها داوای کردووە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو دۆسیانەدا بکرێتەوە کە دراونەتە سووریاییەکان بۆ مانەوە لە نەمسا."
 
نێهامەر لە ئێکس نووسی: "بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە پێدانی مافی پەنابەرێتی بە سووریاییەکان بکەینەوە، پێویستە دۆخی ئەمنیی سووریا هەڵبسەنگێنین."
 
وەزارەتی ناوخۆی نەمسا ئەوەشی بڵاوکردەوە، کە پرۆگرامی یەکگرتنەوەی خێزانیش وەستاوە. لە رێگەی ئەو پرۆگرامە، سووریاییەکان دەیانتوانی مافی پەنابەری وەربگرن، ئەگەر ئەندامێکی خێزانیان لە وڵاتە ئەورووپییەکە بووایە.
 
لە لایەکی دیکە، کارڵ بێکەسلیوس، سەرۆکی ئاژانسی کۆچبەرانی سوێد رایگەیاند، وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی سوورییەکان راگیران و بەهۆی دۆخی ئەو وڵاتەوە بڕیارەکەیان داوە.
 
سەرۆکی ئاژانسی کۆچبەرانی سوێد راشیگەیاند، "ناکرێت ئێستا هیچ پێداچوونەوەیەک بە کەیسی پەناخوازان بکرێت... بڕیارەکە لە بەیانییەوە جێبەجێ دەکرێت".
 
سووریاییەکان گەورەترین نەتەوەی داواکاری مافی پەنابەرین، بەراورد بە هەموو نەتەوەکانی دیکەی نێو نەمسا. تەنیا لە ساڵی 2024 تاوەکو مانگی تشرینی دووەم، 12 هەزار و 871 هاووڵاتیی سووریا داوای مافی پەنابەری لە نەمسا کردووە.
 
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی چوونە نێو شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا و دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا گرت. 
 
بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە بەرەو مۆسکۆی رووسیا رایکرد و ئێستا سووریا چاوەڕێی حکومەت و قۆناخێکی نوێ دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە