رووداو دیجیتاڵ
کەناراوەکانی جەنگەڵی دانکیخە لە فەرەنسا و ژمارەیەک کۆچبەر کە زۆربەیان هاونیشتیمانی کوردن چاوەڕێی گەیشتنی یەختەکەیانن.
ئەوان بەئومێدی گەیشتن بە بەریتانیا خۆیان لە رێگەی هات و نەهات دەدەن و دەیانەوێت دوایین بەربەستی گەشتەکەیان کە نۆکەندی ئینگلیزە ببڕن و بگەنە بەریتانیا.
بارزان یەکێکە لەو هاونیشتیمانییە کوردانەی کە دەیەوێت بچێتە بەریتانیا و ترسیشی لە دیپۆرتکردنەوە یاخود ناردنی بۆ رواندا نییە.
بارزان دەڵێت، "من هیچ کێشەیەکم نییە و ئامادەم بچم بۆ رواندا؛ ئەگەر حکومەت بڵێت بۆ ئەو وڵاتە، ئەوکاتە ناچارم بچمە ئەو وڵاتە. پەناخوازان بە هەر شتێک بیانترسێنیت، هەر ناوەستن و بەردەوام دەبن، تەنانەت ئەگەر پێشیان بڵێی کە دەتاننێرین بۆ ئەفریقا، ئەوا هێشتا بێ دوودڵی دەڕۆنە بەریتانیا".
هەموو ئەو هاونیشتیمانییانەی کە لە جەنگەڵی دانکیخن چاوەڕێن رۆژێک بگەنە بەریتانیا، بەڵام لە جەنگەڵەکە چیرۆکی دیکەی جیاوازیش هەن.
عومەر هاونیشتیمانییەکی دیکەی کوردە، ئەو تاوەکو گەیشتووەتە بەریتانیا 15,000 دۆلاری خەرج کردووە، بەڵام لە ترسی ناردنی بۆ رواندا 500 پاوەندی دیکەی بە قاچاخچی داوە، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە فەرەنسا.
ئەو هاونیشتیمانییە پەشیمانە لە گرتنەبەری ئەو رێگەیە و دەڵێت، ئەوەی دەیبیستیت جیاوازە لەوەی دەیبینیت.
عومەر ئاماژە بەوە دەکات، "لەوانەیە هەرکاتێک دەستگیریان بکردبای و دیپۆرتیان بکردبایتەوە؛ لەوانەیە بۆ رەواندایان ناردبام، یان رەوانەی عێراقیان بکردبامایەوە یان دەبووایە لەنێوەندی راگرتنی کۆچبەران رایاگرتمان، لەبەر ئەوە هاتمەوە ئەو کەمپە؛ هەموو کەسێک ئازادە هەوڵی چوون بۆ بەریتانیا بدات، بەڵام بەریتانیا ئەوە نییە کە خەڵک بیری لێدەکەنەوە، کاتێک خەڵک باسی دەکات، خۆش دیارە، بەڵام کاتێک کە دەچیتە ئەوێ چیڕۆکەکە جیاوازە".
دوو هەفتەیە حکومەتی بەریتانیا پلانی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بیاننێرێتە رواندا و هەر کۆچبەرێکیش بنێردرێتە ئەو وڵاتە بۆی نییە بگەڕێتەوە بەریتانیا.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران، حکومەتی بەریتانیا رژدە لەسەر ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا و بڕیاریشە لە مانگی تەممووزدا دەست بە ناردنیان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ