پاکستان پابەندبوونی بە ئاگربەست راگەیاند

10-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بڵاویکردەوە، وڵاتەکەیان پابەندی ئەو ئاگربەستەیە کە لەگەڵ هیندستان کردیان. ئەمە دوای ئەوەی نیو دێلهی، ئیسلامابادی بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کردبوو. 
 
رۆژی شەممە، 10ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان سەبارەت بە ئاگربەستیان لەگەڵ هیندستان بڵاویکردەوە، "پابەندین بە جێبەجێکردنی ئاگربەست".  دەشڵێت، "بەرپرسیارانە و بە دانبەخۆداگرتنەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەین". 
 
ئەو راگەیێندراوە دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ ڤیکرام میسری، وەزیری دەرەوەی هیندستان رایگەیاند، "پاکستان پێشێلی ئاگربەستی نێوانمانی کرد". گوتیشی، "سوپاکەمان وەڵامێکی ورد و گونجاوی ئەو پێشێلکارییانەی دایەوە". 
 
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "باوەڕمان وایە کە هەر کێشەیەک لە جێبەجێکردنی ئاگربەستدا هەبێت پێویستە لە رێی گفتوگۆوە بگەیێندرێتە لایەنی پەیوەندیداری بەرامبەر". وەزارەتەکە داواشی لە سەربازەکان کردووە دانبەخۆیاندا بگرن. 
 
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان هیندستان و پاکستان گەیشتنە ئاگربەست.
 
ژمارەیەک وڵات، لەنێویاندا ئەڵمانیا و ئێران پێشوازییان لە ئاگربەستی هەردوو وڵاتەکە کرد. 
 
زیادبوونی گرژییەکانی نیودەلهی و ئیسلاماباد دوای ئەوە هات کە رۆژی 22ـی نیسان لەو بەشەی کشمیر کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستانە گرووپێکی چەکدار هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی و 26 کەسیان کوشت. هیندستان، پاکستانی بە هاوکاریکردنی ئەو گرووپە تۆمەتبارکرد و ئەویش رەتیکردەوە. 
 
پێش راگەیاندنی ئاگربەستەکە لەلایەن ترەمپەوە، پاکستان، هیندستانی بە بۆردوومانکردنی سێ بنکەی مووشەکی وڵاتەکە تۆمەتبارکرد کە یەکێکیان تەنیا 10 کیلۆمەتر لە ئیسلامابادی پایتەختییەوە دوورە. بەرپرسانی پاکستان دەڵێن، بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە 11 کەس کوژران. 
 
ئەم گەڕەی جەنگی هیندستان و پاکستان 18 رۆژی خایاند و بە گوێرەی راگەیێندراوەکانی هەردوولا، لەو ماوەیەدا نزیکەی 60 کەسی سڤیل کوژرون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە