جیهان
لە راستەوە بۆ چەپ: فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و هاوژینەکەی؛ کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆککۆماری فەرەنسا و روێژکاری ئەڵمانیا بۆ پێشاندانی هاوسۆزی بۆ ئۆکراینا و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتییەکانیان گەیشتنە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا.
رۆژی شەممە، 10ـی ئایاری 2025، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا بە شەمەندەفەر لە پۆڵەنداوە چوونە کیێڤ.
دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداش ئەمڕۆ دەگاتە کێیڤ و هەموویان بەیەکەوە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆدەبنەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، چوار سەرکردەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی سەردانەکەیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "ئێمەی سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا و بەریتانیا لە کێیڤ بۆ پاڵپشتی ئۆکراینا، دژی داگیرکاریی بێبەزەییانە و نایاساییانەی رووسیا دەوەستینەوە."
چوار سەرکردەکە گوتیان: "ئامادەین پشتیوانی لە گفتوگۆکان و جێبەجێکردنی تەکنیکی ئاگربەستەکە بکەین و ئامادەکاری بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی بکەین."
سەرکردەکان ئەوەشیان راگەیاند، لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا بەردەوام دەبن و گوتیان: "بەردەوام دەبین لە فراوانکردنی پشتیوانیمان بۆ ئۆکراینا. تاوەکو ئەو کاتەی رووسیا رەزامەندی دەدات لەسەر ئاگربەستێکی بەردەوام، گوشارەکانمان بۆ سەری زیاد دەکەین."
چوار سەرکردەکە لە سەردانەکەیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت ئاگربەستێکی بێ مەرج بۆ 30 رۆژ رابگەیێندرێت. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، دەکرێت ئاگربەستێکی لەو شێوەیە ببێتە یەکەم هەنگاو بۆ بوونی ئاشتی لە ئۆکراینا.
ئۆکراینا رایگەیاندووە ئامادەی ئاگربەستێکی لەو شێوەیەیە، بەڵام رووسیا تاوەکو ئێستا رەتیکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ