رووداو دیجیتاڵ
جێگری باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پاڵپشتی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 10ی حوزەیرانی 2025، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
جەن شوا، جێگری باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "پاڵپشتی حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە گفتوگۆ و راوێژ لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان."
راگرتنی هەناردەی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان دوو لەو کێشانەن لەنێوان هەردوو حکومەتدا چارەسەر نەکراون.
دیپلۆماتەکەی چین گوتیشی، "عێراق بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر کە کاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەقامگیرییەکەی هەبووە." ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی عێراق، بۆئەوەی تواناکانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەهێزتر بێت و بتوانێت پاشماوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لەنێوببات."
شوا ئاماژەی بەوەش کرد، "پێشوازی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی عێراقی لە کەمپی هۆل لە سووریا و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەیان دەکەین." گوتیشی، هانی حکومەتی عێراق دەدەن لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان بەردەوام بێت.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی 6ی حوزەیرانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاروانێکی خێزانە عێراقییەکان کە لە 220 خێزان (کۆی گشتی 860 کەس) پێکهاتووە، رۆژی 31ی ئایار لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندرانەوە. گوتیشی، ئەمە 26ـەمین کاروان بووە کە لەو کامپەوە گەڕێندرابنەوە. زۆرینەی ئەوانەی لەو کەمپەدان کەسوکاری چەکدارانی داعشن.
ئەو عێراقییانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، سەرەتا دەبرێنە کەمپی "جەدعە" لەنزیک موسڵ بە مەبەستی شیاندنەوە و ئامادەکردنەوەیان، دواتر رەوانەی زێدی خۆیان دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ