رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی ئەورووپی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی پلانەکە دەکەن. هەروەها، هۆشداریش لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی سڤیل و ئاوارەبوونی زیاتری خەڵک دەدەن.
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی ئەورووپا راگەیێندراوێکیان سەبارەت بە پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، پلانەکە "دۆخی مرۆیی خراپتر دەکات و ژیانی هەموو ئەو بارمتانە دەخاتە مەترسییەوە کە لە ژیاندا ماون."
دەشڵێن، ئۆپەراسیۆنەکە دەبێتە هۆی بوونە قوربانی ژمارەیەکی زۆر خەڵک و ئاوارەبوونی زۆرینەیان.
رۆژی هەینی رابردوو، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا، پەسندکردنی پلانەکەی غەززەیان راگەیاند. بنیامین نەتەنیاهوو چەند کاژێرێک پێش کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، مەبەستی ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززەیە.
ئەو وڵاتانە هۆشداریشیاندا کە پلانەکەی ئیسرائیل ببێتە "ئاستەنگیەکی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت کە تەنیا رێگەی گشتگیرە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەر."
وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا، ئایسلاند، ئێرلاند، لۆکسمبۆرگ، ماڵتا، نەرویج، پۆرتوگال و سلۆڤینیا واژۆیان لەسەر راگەیێندراوەکە کردووە.
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدان بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەروو 95٪ی غەززەییەکان برسین و نزیکەی 33٪یان بە چەند رۆژێک یەک ژەم دەخۆن.
تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا سەروو هەزار و 300 کەس کوژران و 251 کەسی دیکەش بە بارمتەگیران. هەروەها، بە گوێرەی تەندروستی غەززە، 61 هەزار و 430 کەس کوژراون و 153 هەزار و 213 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ