رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، لایەنگرانی دیموکرات و کۆمارییەکان لە تەواوی وڵاتدا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی راگەیاندنی ئەنجامەکانن. هەردوولا بانگەشەی جیاواز دەکەن و دروشمی دیموکراتەکانیش، پاراستنی دیموکراسی و ئازادییە لە ئەمریکادا. بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بردنەوەی کۆمارییەکان لە بەرژەوەندیی کوردە.
رەیچڵ لوومس، لایەنگری دیموکراتەکان دەڵێت، "بەو هیوایەم دەسەڵاتمان لە ئەنجوومەنی پیران بۆ دوو ساڵی داهاتوو بهێڵینەوە، بەڵام لەبارەی دیموکراسییەوە گەشبین نیم لە وڵاتدا، چونکە ئەگەر دەسەڵاتمان لە ئەنجوومەنی پیران نەمێنێت، ئەوە چیدیکە ناتوانین ببینە نموونەی دیموکراسی بۆ جیهان".
هاوکات لایەنگرانی کۆماری کە ئێستا هەوڵی گەڕانەوەی هەژموونی خۆیان لە نێو کۆنگرێس دەدەن، بانگەشەی کەمکردنەوەی تاوان، پاراستنی سنوورەکان و کەمکردنەوەی باج دەکەن.
مادی سوڵیڤان، لایەنگری کۆمارییەکانە و گوتی، "لە راستیدا بە هیوام کەمێک هەست بە سەلامەتیی زیاتر بکەم. لێرە شتەکان سەختن. من لە نەخۆشخانە کاردەکەم، دەبینم کۆچبەران سەردانمان دەکەن کە زۆریش نەخۆشن."
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیراندا لە پێشەوەن.
لە هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکادا دەنگ لەسەر 435 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە 100 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پیران دەدرێت. هەروەها لە کۆی 50 حاکمی ویلایەت، دەنگ لەسەر 36 حاکمی نوێ دەدرێت. بۆ ئەوەی هەریەک لە کۆماری یان دیموکراتەکان دەسەڵاتی کۆنگرێسی ئەمریکا بە تەواوی بکەنەوە ژێر دەستی خۆیان، پێویستیان بە هەریەک لەمانەیە:
- دەبێت لە 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا 218 کورسی بەدەستبێنن.
- هاوکات لە ئەنجوومەنی پیران کە 100 ئەندامی هەیە 51 کورسی لەژێر دەستی خۆیاندا بهێڵنەوە.
هاوکات بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند کە بردنەوەی کۆمارییەکان لە بەرژەوەندیی کورددایە.
ئەندرو پیک، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، "پێموایە هاریکاریی زیاتر هەیە لە کۆمارییەکانەوە بۆ کورد لەبەر چەندین هۆکار. هەروەها پێشموایە دیموکراتەکان هێندەی کۆمارییەکان سەرنجیان لەسەر ئەو گرووپە میلیشیایانە نییە کە لە ئێرانەوە نزیکن وەکو کەتایب حیزبوڵا و ئەوانی دیکە. ئەوە شتێکە کۆمارییەکان زۆر گرنگی پێدەدەن، چونکە هەژموونی ئێران لەو ناوچەیەدا هەموو کۆمارییەکانی نیگەران کردووە و بیر لە رێگەیەک دەکەنەوە کە لە دژی شەڕ بکەن".
لای زۆرینەی خەڵک بردنەوەی کۆمارییەکان بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ دووبارە خۆبەربژێرکردنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە. رۆژی سێشەممەش لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا گوتی، 15ی ئەم مانگە هەواڵێکی خۆش بە لایەنگرانی دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ